تەیموور مستەفایی
مێژووی شۆڕشەکانی نەتەوەکەمان لەپێناو ئازادیدا پڕیەتی لە فیداکاری و لەخۆبوردوویی، بەڵام بەشێکی زۆری ئەو شۆڕشانە لە لوتکەی هێز و بەرەوپێشچوونیاندا، بەداخەوە بەهۆی لاوازیی سیاسی و نەبوونی ڕێکخستنێکی تۆکمەی تەشکیلاتی و سەربازی یا تێکشکاون، یا ئەوەندەیان هێز بەدەستەوە نەماوە و لاواز بوون تا دواتر بەناچار وازیان لە بەرخودان هێناوە.
بە دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان خەبات لە شێوەی نەریتییەوە گوازرایەوە بۆ خەباتێکی مودێرن و پێشکەوتووانە و قۆناغێکی نوێ لە جووڵانەوەی سیاسیی کورد دەستی پێ کرد کە زیاتر گرینگیی بە ڕێکخستن و بەڕێوەبەریی بەکۆمەڵ دەدا. هەر ئەوەش بوو کە کۆماری کوردستان بە ڕێبەریی حیزبی دیموکرات دامەزرا.
کۆمار بۆ بەرگری لە خاکی کوردستان پێویستی بە هێزی چەکدار هەبوو، هەوەها پێویست بوو ناوێکیش بۆ چەکدارانی ئەو سوپایە دیاری بکرێت، ئەوە بوو کە ئەو هێزە نەتەوەییە دامەزرا و ناوی پڕ نێوەرۆکی پێشمەرگەش بۆ چەکداری خاکپارێزی کورد دیاری کرا.
هێزی پێشمەرگەی کوردستان -سوپای میللی- کە هێزێکی تازەدامەزراو بوو، لە ماوەی ١١ مانگ تەمەنی کۆماری کوردستاندا هەم ئەمنییەتی ناوچەی کۆماری پاراست و هەم لە بەرەکانی شەڕفرۆشیی ڕێژیمی پاشایەتیدا لە چەند بەرەنگارییەکی قارەمانانەدا تامی تاڵی شکەستیان بە هێزەکانی ڕێژیمی پاشایەتی چاشت، نموونەیان شەڕی قادراوا و مامەشا لە ناوچەی سەقز و..... هتد.
پاش ڕووخانی کۆماری کوردستان جارێکی دیکە و لە ساڵەکانی ٤٦-٤٧ تێکۆشەرانی دێموکرات لەژێر ناوی مێژوویی و شانازیخوڵقێنی پێشمەرگەدا و لەپێناو خەبات بۆ ڕزگاری و ئازادیی نەتەوەکەمان لە هەلومەرجێکی دژواردا و بە کەمترین ئیمکانات خەباتی چەکدارییان لەدژی بەهێزترین ئەرتەشی ئەوکاتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست وەڕێ خست کە بۆ ماوەی ١٨ مانگ درێژەی کێشا .لە هاتنەسەرکاری ڕێژیمی کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامییشدا کە خومەینی فەرمانی جیهادی لەدژی گەلی کورد دەرکرد، هێزی پێشمەرگە بۆ جارێکی دیکەش ئەرکی بەرگری لە خاک و خەڵکی کوردستان کەوتە ئەستۆ و بە گیانفیداییەکی بێوێنە و بەخشینی گیانی هەزاران پێشمەرگە، ئازایانە و لێبڕاوانە توانییان چۆک بە هێزە داگیرکەرەکان دابدەن و ببنە هۆکار بۆوەی کوردستان نازناوی سەنگەری ئازادیی بدرێتێ. ئەوە بوو کە پلینۆمی دووھەمی کۆمیتەی ناوەندیی ھەڵبژێردراوی کۆنگرەی شەشەم کە گەلاوێژی ساڵی ١٣٦٣ بەڕێوە چوو، بۆ ڕێزگرتن لە خەباتی ھێزی پێشمەرگە، ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەزی وەک ڕۆژی پێشمەرگە دیاری کرد. دیاریکردنی ئەم ڕۆژە لە بەر ئەوە بوو کە هێزی پێشمەرگە لە پڕۆسەیەکی بەردەوامدا بەرگریی لە خاک و خەڵکی کوردستان و بەھا مرۆییەکان کردبوو. لە ڕەوتی ئەم مێژووەدا پێشمەرگە ئیتر بووەتە ناوێکی ناسراو و وەک ھێزێکی بە بیروباوەڕ و دژەتێرۆر لە کۆمەڵگەی جیهانیدا ڕێزی لێ دەگیرێ و لە شەقامی بەھێزترین وڵاتی دونیادا پەیکەرەکەی بە نیشانە و هێمای ئازادی وسونبوڵی دژی تێرۆریزم دادەنرێت.
لە هەلومەرجی ئێستادا ئەرکی پێشمەرگە تەنیا لە بەرگریی چەکدارانەدا کورت ناکرێتەوە و پێشمەرگەش تەنیا ئەوکەسانە نین کە چەکیان لە شانە. ئیستا بەپێی گۆڕانی هەلومەرجی خەبات، ئەرکی پێشمەرگەش گۆڕانی بەسەردا هاتووە و لە هەموو بەستێنە میدیایی، مەیدانی و دیپلۆماسی و ڕێکخستنەکاندا ئەرکیان لەسەر شانە و لەوەش بەولاوەتر هەموو ئەوانەی لە پێناو ئازادی و ڕزگاریی نەتەوەکەمان و لەدژی ڕێژیمی سەرەڕۆی کۆماری ئیسلامی خەبات دەکەن پێشمەرگەن.
لەمێژ ساڵە حیزبی دێموکرات باس لە پێشمەرگەی شار و شاخ و گرینگیی هاوکاریی ئەو دوو بەشە دەکا وبەتەواوکەری یەکتریان دادەنێ. لە یەک ڕستەدا هەموو ئەو لاوە بوێر و لەخۆبوردووانە کە لە درێژەی خەبات لە دژی کۆماری ئیسلامیدا دەکەونە زیندان، یا لە شەقامەکاندا شەهید دەبن و هەموو ئەوانەش لە شەقامەکانی کوردستان و هەندەراندا دەنگی زایەڵەیان دوژمن دەتۆقێنێ، پێشمەرگەن .
لەپێش دەستپێکردنەوەی خەباتی پێشمەرگانە و ڕاسان لەلایەن حیزبی دێموکراتەوە ڕێژیم ڕێژیم وای دەنواند حیزبەکان و هێزێ پێشمەرگە کاریگەرییان نەماوە و لە بنکەکانیاندا چەقیون، بەڵام حزوور و شریخەی چەکی پێشمەرگە لە قووڵایی خاکی کوردستان هیوایەکی نوێی بە بەری ڕۆژهەڵاتدا کردەوە. هەروەها شکۆ و هەیمەنەی درۆیینی ڕێژیمی داڕماند و دەرکەوت کە کوردستان بە پشتقایمیی هێزی پێشمەرگەوە دەتوانێ ڕێژیم لە لێوارەکانی ڕووخان و نەمان نیزیک بکاتەوە. ئەوە بوو کە ڕێژیم شانبەشانی گوشارخستنە سەر هەرێمی کوردستان، کەوتە موشەکبارانی شوێنی ژیانی بنەماڵەی پێشمەرگەکان، تەنانەت قوتابخانەی منداڵان و بنکە و بارەگاکانی دیکەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نیشتەجێ لە هەرێمی کوردستان. پرسیار ئەوەیە دوای چل وسێ ساڵ سیاسی سەرکوت و میلیتاریزەکردنی کوردستان چۆنە تا ئێستاش نەک حیزبی دێموکرات لەسەرپێیە و خەبات بۆ ڕوخاندنی ئەم ڕێژیمە ڕانەوەستاوە، بەڵکوو ئەوە ڕێژیمە بەهۆی خەباتی خەڵک و پێشمەرگەوە کەوتووەتە لێواری ڕوخانەوە؟ وەڵامەکەی بۆ سێ فاکتەری سیاسەتی دروست و ئوسولیی حیزب، فیداکاریی هێزی پێشمەرگە و بەشداریی هەراو و پشتیوانیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیدا دەگەڕێتەوە.
ئیستراتژی حیزبی دێموکرات هەوڵدانە بۆ هێنانەسەر کاری ڕێژیمێکی فیدراڵ کە ئەمە بۆ ئەم قۆناغە دروشمێکی گونجاو و کردەنییە. لە باری سیاسەتی تاکتیکییشەوە، ئەگەر بۆ وێنە دوایین هەڵوێستمان لەم قۆناغەی خەباتدا لە بەرچاو بگرین، بینیمان لە ڕەوتی ئەم ڕاپەڕینەدا سەرەڕای ئەوە خەڵکانێکی زۆر داوای گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەیان بۆ نێوخۆی وڵات دەکرد، بەڵام ڕێبەریی حیزبەکان لە خوێندەنەویەکی دروست و واقیعیدا پێیان وابوو گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە لەو هەلومەرجەدا نەتەنیا یارمەتی بە ڕەوتی بەرەوپێشبردنی ئەم خەباتە ناکا، بگرە زیانهێنەرە و دەکەوینە ئەو مەیدانەوە کە ڕێژیم پێی خۆشە و تێیدا سەرکەوتوو دەبێ؛ وەک چۆن بینیمان دەزگای سایبەریی ڕێژیم هەموو هەوڵێکیان دەدا هێزی پێشمەرگە پەلکێشی ئەو گۆڕەپانە بکەن .موشەکبارانی بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانیش یەکێک لە ئامانجەکانی ئەوە بوو حیزبەکان دنە بدرێن و بکەونە کردەوەی بەرانبەر؛ بەڵام ڕێبەریی حیزبەکان بەدروستی دەستی ڕێژیمیان خوێندبۆوە و نەکەوتنە ئەو داوەوە.
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانیش بەناردنی ڕۆڵەکانیان بۆ ڕیزی پێشمەرگایەتی، گەیاندنی نانوپێخۆر لەکاتی شەڕەکانی هێزی پێشمەرگە، یارمەتیە مادییەکانیان و لە کۆتاییدا پشتیوانی بێدریغیان لە هەموو هەلومەرجێکدا و لە هەموو بەستێنەکاندا کە ئێستا دەبینین لە وەڵامدانەوە بە بانگەوازی مانگرتن و خۆپێشاندانەکاندا بەردەوام ڕەنگی داوەتەوە، یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی مانەوەی حیزبی دێموکراتە. فیداکاریی خەڵکی خەباتگێڕی کوردستانیش فاکتەرەکەی دیکەیە کە هەر ژمارەی زندانییانی سیاسی و ئاماری شەهیدەکانی هێزی پێشمەرگە و خەڵکەکەمان لە درێژەی ئەوخەباتەدا سەلمێنەری ئەم ڕاستییەن.
شوێندانەری خەباتی پێشمەرگانە
شوێندانەری ئەم خەباتە لە کۆمەڵگەی کوردستان بە بەراوردکاریی قوناغی نوێ لەژێر دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لەگەڵ بەشەکانی دیکەی ئێران لە چۆنیەتی و چەندایەتی بەشدارییەکەدا ئەو شوێندانەرییە دەسەلمێنێ کە بریتییە لە:
- لە کوردستان شۆڕش بەرینتر و جەماوەریتر بووە لەچاو بەشەکانی دیکەی ئێران، جیا لە "بەلوچستان" کە لەوێ دۆخەکە جیاوازە.
- لە کوردستان دروشمەکان سیاسیترن. دروشمی"ژن ، ژیان ،ئازادی" لە کوردستانەوە سەری هەڵدا و بۆ بەشەکانی دیکەی ئێران گوازرایەوە و بەجیهانییش کرا. "مەرگ بۆ دیکتاتۆر،" و پێداگری لەسەر مافە ڕەواکانمان، دێموکراسی و مافی نەتەوەیی و "قاسملو ڕێگات درێژەی هەیە" نێوەرۆکی دروشمێکە کورد بە دەیان ساڵە خەباتی بۆ دەکات.
- وتەی بنەماڵەی شەهیدانی ڕاپەڕین وەک باوکی کۆمار، باوکی ژینا، باوکی میلاد، کوڕی شەهید ئەبووبکر و باقی شەهیدەکانی دیکە کە پڕ بوون لە ڕۆحی شۆڕشگێڕی و بەرخودان.
- هەڵویستی مامۆستایانی ئایینی بۆ بەرگری لە خەڵک و مافی نەتەوەکەیان و دانی بەیاننامە و ئیدانەکردنی سەرکوتەکانی ڕێژیم بوێرانە و ئازایانە بوو.
- مانگرتنی کاسبکاران و بازارییانی کوردستان لەسەر بانگەوازی ناوەندی هاوکاری لە هەموو ئەو جارانە کە ئەو ناوەندە داوای کردبێت لە پانتایی هەموو کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا.
- هاتنی ڕئیسی بۆ سنە و هەڵویستی ژیرانە و بوێرانەی خەڵکی سنە لە بایکوت و بێبایەخکردنی سەردانی ئەو جینایەتکارە کە دواتر کاردانەوەی زەبوونانە و گاڵتەجاڕانەی ناوبراوی لێ کەوتەوە.
- سەرکوتی خوێناوی لە جوانڕۆ، بۆکان، مەهاباد ، سنە و هەموو شارەکانی دیکەی کوردستان و بلوچستان جیاواز بوو لە چاو شوێنەکانی دیکەی ئێران کە ئەمە لە ڕق و ترسی ڕێژیم لە کوردستان و بلوچستانەوە سەرچاوەی دەگرت.
- حکوومەت نیزامی لایەنێکی دیکەی گوشار خستنە سەر کوردستان بوو.
- ڕێپێوانەکانی دەرەوەی وەڵاتیش فاکتەرێکی گرینگ بوون بۆ پاڵپشتی لە ڕاپەڕینی خەڵک لە نێوخۆی وەڵات.
- بەردەوامیی شۆڕشی ژینا کە شوێندانەر بووە لەسەر گوشارەکانی ڕۆژئاوا و کۆمەڵگای جیهانی بۆسەر کۆماری ئیسلامی کە ئەو گوشارانە لە گەمارۆ ئابوورییەکانی نوێیەکانی ئەمریکا و ئوڕووپا و وڵاتانی دیکە بۆ سەر دامەزراوە و کاربەدەستانی ڕێژیم، بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان لەمەڕ دانانی "کومیتەی گەڕان بە دوای ڕاستییەکان"ی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران و هەروەها دەرکرانی ئێران لە کۆمیسیونی پێگەی ژن لە نەتەوە یەکگرتوەکان و...دا خۆ دەردەخەن.
ئەم چەند خاڵە و زۆر خاڵی دیکە لەم شۆڕشەدا وایکردووە کە بە داننانی چالاکانی فارسزمان و نەتەوەکانی دیکەی ئێران، کوردستان ڕچەشکێن و پێشەنگی ڕاپەڕینەکە بێ و ئەمەش بۆ بوونی حیزبەکان و شوێندانەرییان لە کوردستان دەگەڕێننەوە.