کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵمەتی کومەڵگەی جیهانی بۆ ڕاوەستانی ئێعدام لە ئێران

10:47 - 26 سەرماوەز 2722

لە درێژەی پشتیوانییەکانی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران بۆ ڕووخانی ئەو ڕێژیمە، لەلایەن وڵاتانی ڕۆژاواییەوە، زۆربەی بەرپرسانی سیاسیی وڵاتان بە تایبەتی ئاڵمان، کەفاڵەتی سیاسیی چالاکانی نیوخۆی ئێرانیان وەئەستۆ گرتووە.

هەرلەم پێوەنییەدا ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، ڕۆژی هەینی ٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی لە نامەیەکدا ڕوو بە" غوڵامحوسێن موحسێنی ئێژەیی" بەرپرسی دەزگای بەناو دادوەریی  ڕێژیمی ئێران، لەسەر مەترسیی لەسێدارەدانی ٢٦کەس لە خەڵکی ڕاپەڕیوی گەلانی ئێران هۆشداریی بەو ڕێژیمە داوە.

ئەو ڕێکخراوەیە هەروەها ڕایگەیاندووە کە، ئەو دادگایانەی کە ئەو هاووڵاتییانەی گەلانی ئێرانی تێدا دادگایی دەکەن دادگایەکی ساختەیە و پاش ئەوەیکە تۆمەتی موحاربەیان دەخەنە پاڵ ئەو هاووڵاتییانە و لە سێدارەیان دەدەن.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە نامەکەیدا بەئاماژە بە مافە تاکەکەسییەکانی گەلانی ئێران و هەروەها مافی ئازادیی ئەو خەڵکە نووسیویە کە ڕێژیمی ئێران بەجێگەی ئەوەیکە دەمگی ناڕازیی خەڵکەکەی ببیسێ، هەموویان دەکوژێ و لە سێدارەیان دەدا کە ئەو کارەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کۆمەڵگەی جیهانیدا پەسەند ناکرێ و دەبێ بەرپەرچی ئەو ڕێژیمە بدرێتەوە.