کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی کۆمەڵگەی ئایینیی کوردستان دژی کۆماری ئیسلامی

11:18 - 26 سەرماوەز 2722

کۆمەڵگەی ئایینیی کوردستان دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند کە، حکوومەتی کۆماری ئیسلامی بە ناڕەوا دەزانن و هەموو شوێنە ئایینییەکان بەدژی ئەو ڕێژیمە دەکەنە سەنگەری بەرگری.

ڕۆژی هەینی، ١٥ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، کۆمەڵگەی ئایینیی کوردستان دژی جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند کە هەموو شوێنە ئایینییەکان دژی ڕێژیمی ئێران دەکەنە سەنگەری بەرگری، لەبەر ئەوەی کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی دڕەندانە خەڵک دەکوژێ لەحاڵێک‌دا کە داوای مافی سەرەتایی خۆیان دەکەن و بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، لە تەواوی ئێراندا بووەتە ئامرازێک بۆ داواکاریی مافە ڕەواکان و هەموو ئایینەکانی گەلانی ئێران بێ جیاوازی ماوەی سێ مانگە بەدژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ڕاپەڕیون و دان بە حاکمییەتی کۆماری ئیسلامی‌دا نانێن.

هەروەها لە درێژەی بەیاننامەکە‌دا هاتووە کە، حکوومەتی دیکتاتۆری ڕێژیمی ئێران، سەرەرای ئەوەیکە دەزانێ هیچ ڕەواییەکی لای گەلانی ئێران بەڵام ئەوپەڕی هەوڵی خۆی دەدا بە هەر شێوەیەکی دڕندانە، توندوتیژی و خوین‌ڕشتن درێژە بدات و حکوومەتە دیکتاتۆرەکەی بهێڵێتەوە کە لەو ماوەیە‌دا سزای لەسێدارەدانی بەسەر لاوان و گەنجینەکانی ئەو وڵاتەدا سەپاندووە و بەڕێوەشیان دەبا، بۆیە دەبێ گەلانی ئێران بە هەموو شێوەیەک کار لەسەر ئەوە بکەن کە ئیدی حکوومەتی ئاخوندی هیچ بەهایەکی لە نێو کۆمەڵگەی گەلانی ئێران‌دا نەماوە و دەبێ هەوڵ بۆ نەمانی بدرێ و تەواوی شوێنە ئایینییەکانی لێ بکرێتە سەنگەری بەرگری و بەرخودان.