کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی مانگرتن و خۆپیشاندانی خوێندکاران لە ئێران

01:29 - 11 سەرماوەز 2722

لە درێژەی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکان لە ئێران بە دژی ڕێژیم، خوێندکارانی بالینیی نەخۆشخانەی ئەلزەهرای تەورێز وێڕای مانگرتن، خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد.

ڕۆژی پێنجشەممە، ١١ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، خوێندکارانی بالینیی نەخۆشخانەی ئەلزەهرای تەورێز  بە بەشدایی بەشێک لە مامۆستاکانیان سەبارەت بە حوکمی هەڵپەساردنی دوکتور شەمسی‌عەباس‌ عەلیزادە، ئەندامی هەیئەتی زانستیی ئەو زانکۆیە، لە حەوشەی زانکۆ کۆ بوونەوە و بە دروشمدان ناڕەزایەتیی خۆیان لەهەمبەر ئەو حوکمە  دەربڕی. 

ناڕازییان بە دروشمی "سی سال خدمت بی چشم داشت آخرش تعلیق داشت" بۆ ماوەی چەند کاتژمێر لەژێر باران درێژەیان بە خۆپیشاندانەکە دا. 

دوکتور عەلیزادە سەبارەت بە ئەوەیکە پشتیوانیی لە خۆپیشاندانی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران و کوردستان کردووە ئەو حوکمەی بۆ دەرکراوە.

خۆپیشاندانی خوێندکاران لە ئێران و کوردستان بە دژی ڕێژیمی سەرکوتکەری تاران هاوکات لەگەڵ توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا سەرەڕای سەرکوت و گوشاری سپای تێرۆریستیی پاسداران درێژەی هەیە. 

هەر لەو پێوەندییەدا خوێندکارانی گرووپی ئەندازیاریی مێعماری زانکۆی تەورێزیش لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاندووە هەتا ئەو کاتەی کە هەڵپەساردن و هەڕەشەی خوێندکاران لەلایەن چاوەدێریی زانکۆکانی ئەو شارە بە تەواوی کۆتایی پێ نەیەت بە ئامادەنەبوون لە پۆلەکانی خوێندن درێژە بە مانگرتن دەدەین.