کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەجلیسی سێنای ئامریکا: سەرکوت و لەسێدارەدانی خەڵکی ڕاپەڕیوی گەلانی ئێران نیشانەی کۆتاییهاتنی دەسەڵاتە

11:20 - 26 سەرماوەز 2722

لە بەرەبەری چوارەمین مانگ لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دژی کۆماری ئیسلامی، کۆمیتەی پێوەندییەکانی دەرەوەی مەجلیسی سێنای ئامریکا، بەردەوامیی سەرکوت و کوشتنی خەڵکی ڕاپەڕیوی گەلانی ئێران لەلایەن دەسەڵاتەوە بە کۆتاییهاتنی تەمەنی ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرە ناو دەبا.

کۆمیتەی پێوەندییەکانی دەرەوەی مەجلیسی سێنای ئامریکا، ڕۆژی هەینی ٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، سەرەڕای ئەوەیکە وتی ڕێژیمی ئێران بە توندترین و دڕندانەترین شێوە خەڵکی ناڕازیی گەلانی ئێران سزا دەدەن، وتی: سەرکوت، ئەشکەنجە، کوشتن و لەسێدارەدانی گەلانی ڕاپەڕیوی ئێران لەلایەن دەسەڵاتەوە نیشانەی کۆتاییهاتنی دەسەڵاتە و دەسەڵاتی ئاخوندی دەبێ ئەوە باش بزانێ کە چیدیکە مەشرووعییەتی لەنێو خەڵکی ئێراندا نەماوە و گەلانی ئێران ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرە قەبووڵ ناکەن.

هاوکات لەگەڵ کۆبوونەوەی مەجلیسی سێنای ئامریکا "جیمز کلۆرلی" وەزیری دەروەی بریتانیا، ڕۆژی هەینی لە تویتێکدا بە ئاماژە بە سەرکوتی خەڵکی ڕاپەڕیوی گەلانی ئێران لەلایەن دەسەڵاتەوە نووسی: ئەوە سێ مانگە لە کوشتنی بەئەنقەستی" ژینا ئەمینی" لەلایەن دەسەڵاتەوە تێپەڕ دەبێ و لەو کاتەوە تا ئێستا وڵاتی بریتانیا گەمارۆی خستووەتە سەر زیاتر لە ٤٠ کەس لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران و بەگشتی تا ئێستا بریتانیا ٣٣٠ کەس و بەتایبەتی ڕێکخراوی سپای پاسدارنی ڕێژیمی ئێرانی خستووەتە لیستی گەمارۆکانیەوە.