![](/content/upload/1/news/57492_w920.jpg)
ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی ڕایگەیاند کە، لانیکەم ٢٦ کەس لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی سەرانسەریی گەلانی ئێران بەدژی کۆماری ئیسلامی، مەترسی لەسێدارەدانیان لەسەرە.
ڕۆژی هەینی، ٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە، ٢٦ کەس کە لە ڕاپەڕینی سەرانسەریی گەلانی ئێران بەدژی کۆماری ئیسلامی لەلایەن هیزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە و لەو ٢٦ کەسە لانیکەم سزای سێدارەی ١١ کەسیان پەسەند کراوە و ١٥ کەسی دیکەش بە تۆمەتی ڕاپەڕینی چەکدارانە بەدژی ڕێژیم و موحاربە لەژێر لێکۆڵینەوەدان و چاوەڕێی سزای لەسێدارەدان دەکەن.
لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە کە، ئەو ٢٦ کەسە کە مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە، دادگایەکی عادڵانەیان نەبووە و مافی ئەوەیان پێ نەدراوە کە بەرگری لە بێ تاوانیی خۆیان بکەن و هەروەها ڕێگەیان پێ نەدراوە کە پەروەندەکانیان پارێزەری هەبێ و لە ئەسڵی دادگایەکی عادڵانە بێبەشن، ئەوەش یەکێکی دیکەیە لەو جیایەتانەی کۆماری ئیسلامی کە دەبێ جیهان لێی بێدەنگ نەبێ و بە تەواوی هەموو یاساکانی مافی مرۆڤی پێشێل کردووە.