کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی پیرۆزبایی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات و لاوانی شۆڕشگێر بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز

11:44 - 26 سەرماوەز 2722

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هەروەها لاوانی شۆڕشگێر لە زۆربەی شار و گوندەکانی کوردستان بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان لە پەیامی جیاجیادا پیرۆزبایی ئەو ڕۆژیان، لە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، زیندانییانی سیاسی و پێشمەرگەکانی شار و خەباتکارانی شۆڕشی ژینا کردووە.

لە سەرجەم پەیامەکاندا هاتووە، ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، ڕۆژی ڕێزگرتنە لە ڕۆڵە گیانلەسەردەست و چاونەترسەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە کوورەی خەباتی نەتەوایەتیمانیانی پڕ بڵێسە و گەرم و بەتین ڕاگرتووە .

لە پەیامەکاندا هاتووە: شۆڕشی ژینا هەڵقوڵاوی ژینگەی کوردستان، کورد، خەبات و هزری پێشمەرگانەیە . هێرشی دڕۆن و مووشەک‌بارانەکانی ڕێژیمیش بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان پشتڕاستکەرەوەی ئەو حەقیقەتەن.

لەو پەیامانەدا هاتووە کوردستان و کورد لەم ڕۆژە مەزن و پڕ شکۆیەدا شانازی بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکات و ئێمەش لەم ڕۆژە پیرۆزەدا بۆ جارێکی دیکە پەیمانی وەفاداری لەگەڵ پێشمەرگەکانی کوردستان نوێ دەکەینەوە و بەڵێن دەدەین کە هەتا گەیشتن بە ئازادی و دادپەروەری هاوخەبات و هاوڕێبازیان بین . 

لەو پەیامانەدا جارێکی دیکە پیرۆزبایی ۲٦ی سەرماوەز لە هەموو لایەک دەکەین و دڵنیاتان دەکەینەوە، بە وشیارییەوە جووڵەکانی ڕێژیممان لەژێر چاودێریدایە و هەر کات حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بڕیار بدات ئامادەی گیانبازین .