کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ویلیام بڕێنز: ڕێژیمی ئێران لە درێژماوەدا ناتوانێ وڵامدەری داخوازییەکانی خەڵک بێت

14:09 - 26 سەرماوەز 2722

بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی ئامریکا (سی ئای ئەی) وتوویەتی: "لەوانەیە ڕێژیمی ئێران بۆ ماوەیەکی کەم بتوانێت ناڕەزایەتییەکان سەرکوت بکات، بەڵام لە درێژخایەندا ناتوانێ وڵامدەری ویست و داخوازییەکانی خەڵک بێت".

ڕۆژی هەینی ٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی،
ویلیام بڕێنز، بەرپرسی دەزگای هەواڵگری ئامریکا، لە وتووێژێکدا سەبارت بە خۆپیشاندانەکان لە ئێراندا وتی، بەردەوامیی خەڵکی ئێران لە خۆپیشاندانەکان جێگای سەرسووڕمانە و سەرنجی ئێمەی لە "سی ئای ئەی" بەگشتی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە، لێرەدا گرینگ ئەوەیە کە لەو ڕاپەڕینە سەرتاسەرییەدا تەواوی نەتەوەکان و توێژەکانی کۆمەڵگای ئێران بەشدارن.

بەرپرسی "سی ئای ئەی" لە وتەکانیدا ڕایگەیاند، خەڵکی ئێران لە "گەندەڵی، ئابووریی داڕماو و بەربەسەتە کۆمەڵایەتییەکان بەتایبەت بۆ ژنان" وەزاڵە هاتوونە و ئەو دۆخە بە پێشێلکاریی کەرامەتی خۆیان دەزانن.

ناوبراو، لە درێژەی وتەکانیدا جەختی کردەوە کە ڕێژیمی ئێران لەوانەیە لە ڕێگای توندوتیژییەوە بتوانێت خەڵکی ناڕازی بۆ ماوەیەکی کورت سەرکوت بکات، بەڵام لە درێژماوەدا لە کۆمەڵگایەک کە ٧٠ لەسەدی خەڵکەکەی کە تەمەنیان لەژێر ٣٠ ساڵدایە، ئەو ڕێژیمە بە سەرکوت ناتوانێت وڵامدەری ویست و داخوازییەکانی خەڵک بێت.