![](/content/upload/1/news/57545_w920.jpg)
وەزیری دەرەوەی وڵاتی هولەند، باڵوێزی ڕێژیمی ئێرانی لە وڵاتەکەی بە هۆی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ و ئازادییە سەرەتاییەکان بانگ کرد و نیگەرانیی خۆی بەنیسبەت دۆخی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران دەربڕی.
بەپێی هەواڵی هولەند تایمز، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ووێپکێ هۆکسترا، وەزیری کاروباری درەوەی هولەند، باڵوێزی ڕێژیمی ئێرانی لە وڵاتەکەی بانگ کردووە و پێی وتووە کە ئەوەیکە لە ئێران ڕوو دەدا بەتەواوی پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە سەرەتاییەکانە.
وەزیزی دەرەوەی هولەند ڕوو بە باڵوێزی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی کە بە لەسێدارەدانی دوو خۆپیشاندەر و کردەوەکانی پێشووتریش دەرکەوت کە کۆماری ئیسلامی هیچ گرینگییەک بە یاساکانی مافی مرۆڤ نادا و ئەوەش دەوڵەتی هولەندی نیگەران کردووە و دەبێ مافی مرۆڤ لە هەموو شوێنێکی جیهان پارێزراو بێت.
هۆکسترا لە درێژەدا وتوویەتی، هەموومان دەبینین لە ئێران چ ڕووداوگەلێکی مەترسیدار ڕوو دەدەن، ژنان و پیاوانی شۆڕشگێر ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و داوای مافی سەرەتایی خۆیان دەکەن و لە هەمانکاتیشدا هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران بەتوندی سەرکوتیان دەکەن و ڕاپۆرتی دڵتەزێن لەو بارەوە بڵاو دەبێتەوە کە کۆماری ئیسلامی سەرکوتی خوێناوی وەکوو ئازار و ئەشکەنجەی دەسبەسەرکراوان و لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران ئەنجام دەدا و ئەوە پێشێلکارییەکی ئاشکرایە کە ڕێژیمی ئێران ئەنجامی دەدات.