لە ژمارەیەک لە شار و ناوچەکانی کوردستان یادی ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان بەرز و پیرۆز ڕاگیرا.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی شەممە، ٢٦ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە شارەکانی: "پاوە، شنۆ، پیرانشار، مەهاباد، مەریوان، بۆکان، سەقز و لە گوندی مێراو، سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سنە"، بەبۆنەی ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد و ئەو ڕۆژە پیرۆزەیان بەرز نرخاند.
ئەندامانی حیزبی دێموکرات و کچان و کوڕانی نیشتمانپەروەری کوردستان، سەرەڕای ئەوەیکە شارەکانی کوردستان بە چڕی لەژێر چاوەدێڕیی هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندان، بەوپەڕی بوێرییەوە بە نووسینی دروشم و بڵاوکردنەوەی وێنەی تایبەت بەو ڕۆژە، ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای پیرۆزی کوردستانیان بەرز و پیرۆز ڕاگرت.