کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جەختکردنەوەی ئامریکا و فەرانسە بۆ پشتیوانی لە گەڵانی ڕاپەڕیوی ئێران و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران

11:06 - 11 سەرماوەز 2722

 بایدن و ئیمانۆئێل ماکرۆن، بوێریی گەڵانی ئێرانیان بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و گەیشتن بە مافەکانیان بەرز نرخاند و جەختیان لەسەر پشتیوانییەکانی خۆیان بۆ گەلانی ڕاپەڕیوی ئێران دووپات کردەوە.

پاش سەردانەکەی ئێمانۆئێل ماکرۆن، سەرکۆماری فەرانسە بۆ ئامریکا، ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، سەرکۆماری ئامریکا و فەرانسە، لە کۆنفراسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشەدا، سەرەڕای دووپاتکردنەوەی پشتیوانییەکانیان لە گەلانی ڕاپەڕیوی ئێران، جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە بە هەموو شێوازێک ڕووبەڕووی هەڕەشەکانی ئەو ڕێژیمە دەبنەوە.

بایدن، سەرکۆماری ئامریکا و  ماکرۆن، سەرکۆماری فەرانسە، لەو کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەدا، سەرەڕای ئاماژە بە بوێریی خەڵکی ئێران بەتایبەتی ژنان و لاوانی ئەو وڵاتە و سەرهەڵدانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، پاش کوشتنی بەئەنقەستی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە، ڕایانگەیاند کە ئێمە ڕێز و حورمەتی خۆمان پێشکەش بە خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران دەکەین کە بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و گەیشتن بە مافەکانیان ڕووبەڕووی ئەو ڕێژیمە سەرکوتکەرە دەبنەوە.

لە کۆتایی ئەو کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەدا، سەرکۆمارەکانی هەر دوو وڵات، جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین، کە ڕێژیمی ئێران لە ئەندامیەتی کۆمیسیۆنی پێگەی ژن لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وەلا بنێین.