کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٣٩ کەس لە دەسبەسەرکراونی راپەڕینی گەلانی ئێران مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە

10:54 - 27 سەرماوەز 2722

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، ڕۆژی ڕابردوو ناوی ٣٩ کەس لە دەسبەسەرکراونی ڕاپەڕینی گەلانی ئێرانی بڵاو کردەوە کە مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، ڕۆژی شەممە ٢٦ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا نووسیویەتی، ئاماری گیانلەدەستداوانی ڕاپەڕینی گەلانی ئێرانی دژی دەسەڵاتی ئاخوندی ٤٦٩ هاووڵاتی کە ٦٣ کەسیان منداڵ و ٣٢ کەسیشیان ژنن و لە ئێستادا ٣٩ کەس لە دەسبەسەرکراوانی ئەو ڕاپەڕینە مەترسی لەسێدارەدانیان لەسەرە.

بەپێی ئاماری ئەو ڕێکخراوەیە تا ئێستا لە ٢٥ پارێزگا لەوانە: "سیستان و بەلووچستان، ورمێ، سنە، تاران و مازەندەران"، زۆرترین کەس لەو ڕاپەڕینە دژی دەسەڵاتی ئاخوندی گیانیان لەدەست داوە و تێکەڵ بە کاروانی نەمرانی شۆڕشی ژینا بوون.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە ڕاپۆرتەکەیدا نووسیویەتی، لە پارێزگاکانی سیستان و بەلووچستان ١٣٠ کەس، ورمێ ٥٤ کەس، سنە ٥٣ کەس، تاران ٥٠ کەس، مازەندەران ٣٨ کەس، گیلان ٢٦ کەس، کرماشان ٢٥ کەس، ئەلبۆرز ٢٠ کەس، ئیسفەهان ١٤ کەس، فارس ١١ کەس، خووزستان ١٠ کەس، خوراسان ٧ کەس، تەورێز ٤ کەس، هەمەدان ٣ کەس، کۆهکیلویە و بۆیرئەحمەد ٢ کەس، ئیلام ٢ کەس، ئەردەبیل ٢ کەس، بوشێهر ٢ کەس، هورمۆزگان ٢کەس، سمنان ١ کەس و گوڵستان ١ کەس، لە ڕاپەڕینەی گەلانی ئێراندا گیانیان لە دەست داوە.

هەروەها ٥ دەسبەسەرکراو کە بە تۆمەتی موحاربە دادگایی کراون بەناوەکانی"ڕەزا ئیسلام دوست، ئەیۆب ئاغڵیانی، فەرهاد و فەرزاد تەهازادە، هەژیر ئەحمەدی و هێمن شاهی" لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ و محەممەد بروغنی لە بەندیخانەی ڕەجایی شار، گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هەروەها ئەو کەسانەی خوارەوە بەتۆمەتی موحاربە دادگایی کراون و مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە: "مەنووچهر مێهمان نەواز، محەممەد بروغنی، محەممەد قوبادلوو، سامان سەیدی، سەهەند نوورمحەممەدزاد، محەممەد مەهەدی کەرەمی، سەید محەممەد حوسێنی، حەمید قەرەحەسەنلوو، حوسێن محەممەدی، ڕەزا ئاریا، سەعید شیرازی، موحسێن ڕەزازادە، تووماج ساڵحی، ئەمیر نەسر ئازادانی، سەعید یەعقووبی، ساڵح میر هاشمی، سوهەیل جەهانگیری، حشمەتوڵڵا تەبەرزەدی، میلاد ئارمۆن، نستوە نیکخا و مەهدی جهانی".