![](/content/upload/1/news/57548_w920.jpg)
پاش شۆڕشی بەندکراوانی بەندیخانەی قزڵحەسار"ی کەرەج و وتنەوەی دروشم دژی ڕێژیمی ئاخوندی، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم ڕژاونەتە ناو بەندیخانە و دەرەوەی بەندیخانەکە و کەشێکی ئەمنییەتییان دروست کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هێرانا و ئەو گرتە ڤیدیۆگەلەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەتەوە، شەوی شەممە ٢٦ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، پاش ئەوەیکە بەندکراوانی بەندیخانەی "قزڵحەسار"ی کەرەج، بە مەبەستی ناڕەزایەتیدەربڕین لە گواستنەوەی چەندین بەندکراوی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران بۆ جێبەجێکردنی سزای ئێعدامەکەیان، ڕووبەڕووی هێزەکانی ڕێژیم لەنێو بەندیخانە بە وتنەوەی دروشمی دژ بە ڕێژیم بوونەتەوە و پاشان ڕێژیمی ئێران هێزێکی سەرکوتکەری هێناوەتە نێو بەندیخانە و دەرەوەی بەندیخانەکە و کەشێکی توندی ئەمنییەتیی دروست کردووە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە بەرپرسانی بەندیخانەکە کە دەیانهەویست ٤ کەس لە بەندکراوانی ئەو بەندیخانەیە، بۆ جێبەجێکردنی سزای ئێعدام بگوازنەوە، ڕووبەڕووی ناڕەزایەتیی بەندکراوانی دیکە دەبنەوە و بەندکراوانی ئەو بەندیخانەیەش بە وتنەوەی دروشم دژی ڕێژیم پێش لە گواستنەوەی ئەو بەندکراوانە دەگرن و لە ئاکامی ئەو تێکهەڵچوونەدا کۆمەڵێک لە بەندکراوانی ناڕازی بریندار دەبن.