کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دژی دەسەڵات

11:01 - 27 سەرماوەز 2722

ڕۆژی ڕابردوو خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران لە درێژەی خۆپیشاندانەکان دژی ڕێژیم، لە چەندین شوێنی تاران و هەروەها چەند شارێکی دیکەی ئێران خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد. 

ڕۆژی شەممە ٢٦ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، لە درێژەی خۆپیشاندانەکان دژی ڕێژیم، خەڵکی بوێری پێتەختی ئێران لە چەندین وێستگەی مێترۆی تاران بە وتنەوەی دروشم دژی ڕێژیم داوای ئازادکرانی بەندکراوانی سیاسی، کۆتاییهێنان بە کوشتن و سەرکوتی خەڵکی ڕاپەڕیۆی گەلانی ئێران و هەروها کۆتاییهێنان بە لەسێدارەدانی دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانیان کرد.

لە وێستگەی مێترۆی"دەروازە دەوڵەت" خەڵک بە وتنەوەی دروشمی"ئەوە ئاخرین پەیامە، ئامانج هەموو نیزامە" و "بڕووخێ ڕێژیمی کۆنەپەرستی ئاخوندی"، خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد.

هەروەها خەڵکی گەڕەکی چیتگەر، تووڕەیی خۆیان لەو ڕێژیمە دەربڕی و بە وتنەوەی دروشمی نەمان بۆ دیکتاتۆر، داوای ڕووخانی ڕێژیمیان کرد.

لە شارەکانی کرماشان، ڕەشت و بەندەرعەباس بە شێوەی دروشم، هەڵکردنی ئاگر و سووتاندنی بەنێری وێنەی بەرپرسانی ڕێژیم، درێژەیان بە خۆپیشاندان داوە.