کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزڕاگرتنی ٢٦ی سەرماوەز لە شارەکانی کوردستان

16:36 - 27 سەرماوەز 2722

ئەویندارانی ڕێگای ئازادی و سەربەستیی کوردستان، بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و ناوی پیرۆزی پێشمەرگە لە شار، ئاوایی و ناوچەکانی کوردستان، ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستانیان پیرۆز ڕاگرت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی شەممە، ٢٦ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان لە شار، ئاوایی و ناوەچەکانی خۆیان، یادی ٢٦ی سەرماوەز و ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستانیان بەرز و پیرۆز ڕاگرت و لە هەموو شوێنە گشتییەکان ئاڵا و وێنەی پێشمەرگەیان بەرز کردەوە و شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی"یان بە خەباتی پێشمەرگانە گرێ دا و لەو ڕۆژەدا بەڵینیان دووپات کردەوە کە تا گەیشتن بە ئازادی لە خەبات دژی داگیرکەر ناوەستن.

سەرەڕای ئەوەیکە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران شارەکانی کوردستانیان مێلیتاریزە کردووە، خەڵکی بوێر و شۆڕشگێڕی کوردستان بەبێ گوێدان بە هەڕەشە و ترس و تۆقاندنەکانی ڕێژیم، یادی ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای پیرۆزی کوردستانیان بە شێوازی جۆراوجۆر بەرز و پیرۆز نرخاند.