کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەزموونی خەباتێکی ڕەوا

16:49 - 27 سەرماوەز 2722

ناسر سادقی

دەسەڵاتی پاوانخۆاز و نەریتیی خومەینی لە سەرەتای هاتنەسەرکاریەوە لەسەر ڕیتم و بنەمای سەپاندنی ترس و زێدەخۆازیی ئایدیۆلۆژی و پەرەپێدانی تیرۆر و سڕینەوەی بیروبۆچوونی دیانەتی و سیاسی و کولتووری دەست پێ دەکات. خومەینی بە قۆرخکردنی دەسەڵاتە نیزامی و ئەمنییەتییەکان و دانانی یاسای سزادان و بڕەوی ئەشکەنجەگەری لە بەرژەوندیی مەرامەکەی و مانەوەی ڕێژیمەکەی، دەسەڵاتەکەی پەرەی ئەستاند. خومەینی لە سەرەتادا بە زۆر ڕێگای جیاواز و کەرەستە و ئامرازی جۆراجۆرەوە و بە کەلکئاوەژو لە پرسی ئایینی و پڕوپاگەندەوە توانی هێژمۆنیی خۆی بسەپێنێت. ئەو سیستەمە نوێیە  لەو ڕێگایەوە بۆ سرینەوەی هزر و ئایدیای گەلانی غەیرەفارس و بیرە جیاوازەکان لە هیچ جۆرە هەڕەشە و توندوتیژی، تاوان و جینایەت و هەڵاواردن دەستیان نەپاراست و و سڵیان نەکرد. سیستەمی خومەینیزم توانایی و لێهاتوویی بەلاوە گرینگ نەبوو، میلاک بۆ ئەوان دووڕوویی، دەمارگرژی و پیاهەڵگوتن و چەواشەکاری و ڕووتووشکردنی ڕاستییەکان بوو.

ئەوە زیاتر لە چل ساڵە کۆمەڵانی ئێران بەگشتی و گەلی کورد بەتایبەتی بە دەست ئەو سیستەمە ئایدیۆلۆژی و سەرەڕۆیەوە لەژێر گوشاری سیاسی و زمانی و مافە سروشتی و ئینسانیەکانی‌دایە.

ئێران بۆتە زیندانێکی گەورە و کلیلی ئەو زیندانەش لە پاش نەمان و مەرگی خومەینی لە ملی خامنەیی‌دایە، هەتا ئەو جێگایەی نزیکترین ئەندامانی بنەماڵەکەی لە ترس بێ یا ڕیسوایی دانیان بەو ڕاستییە داناوە کە تەنیا ڕێگای ڕزگاریی وڵات نەمانی خامنەیی و ڕێژیمەکەیەتی کە ئەوەش لەگرەی سەرکەوتنی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران‌دایە.

خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە چل ساڵە بێوچان بۆ کۆتایی‌هێنانی ئەو هەڕەشە و جینایەتانە بەتەنیا و بێ هەر چەشنە یارمەتی و پشتگیرییەکی نەتەوەکانی دیکەی نێو ئێران و یارمەتیی دەرەکی بەردەوام لە مەیدان‌دایە. سەرەکیترین و زیندووترین فەرهەنگی خەباتی ڕۆشنبیری و مەدەنی و هێزی چەکدار هەر لە ڕۆژهەڵات بوونی هەبووە، بەڵام مخابن هەتا ئێستاش هێندێک لەو بەناو حیزب و رێکخراو و کەساییەتییانەی ئێران چاویان لە ئاست بیری دیمۆکراتیک و ڕزگاریخوازیی کوردستان کوێرە و هەر لەسەر هەڵە و جەهلی ڕابردوویان قەوانە کۆنەکەیان دەژەنن و دان بە ڕاستیەکاندا نانێن. بەڵام فارس گوتەنی "آنچە عیان است، چە حاجت بە بەیان است." بزووتنەوی ڕۆژهەڵات لە سەرەتای شۆرشی گەڵانی ئێرانەوە بوو بە شۆرشی نێو شۆرشێکی دزراو و ئایدیۆلۆژی ئیسلامی. گەلی کوردستان لە ڕۆژهەڵات هەرگیز لە شکاندنی تابۆیەکانی ئەم ڕێژیمە سەرەڕۆیە نەترساوە و نەوەستاوە و بەردەوام ئینکاری کردوون و هەتا سەرئەنجام پاش چل ساڵ زۆرینەی گەلانی ئێران تازە تێگەیشتن کە خەڵکی ڕۆژهەڵات لە تەوهووم و تراویلکەدا ناژین، فریوی دروشمە مەزهەبییەکانیان نەخواردووە و دەستبەرداری ماف و ئازادییەکانیان نەبوون و ناشبن.

دروشمی ژن، ژیان، ئازادی مێتۆدێکی بەرۆژی شۆڕش و سیمبول و ڕچەشکێنی بزاڤێکی مێژووییە. هەمووان دەزانن هەر لە سەرەتاوە کورد مافی دیاریکردنی چارەنووس و دێموکراسی بۆ گشت گەلانی ئێران، وێڕای خۆی لەلا ئاسایی بووە؟ ئەو نەتەوەتە و خەباتەکەی ملکەچ نەبووە هەتا دەستە و ئەژنۆ لە گۆڕی نێن. گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات مێژووییەک خوێن و خەبات و خۆڕاگری لەپێناو وەدیهێنانی ئازادی ئەزموون کردووە و هەتا لوتکەی سەرکەوتنیش لە خەبات ناوەستێ.