کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارلمانتارێکی سوئید داوای لە پارلمانتارانی جیهان کردووە پشتیوانی لە زیندانییە سیاسییەکانی ئێران بکەن

19:57 - 27 سەرماوەز 2722

پارلمانتار لەیف نیسمێد لە نامەیەکدا بۆ کۆمیسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ لە پارلمانی ئورووپا داوای لە لە پارلمانتارانی جیهان کردووە پشتیوانی لە زیندانییە سیاسییەکان لە ئێراندا بکەن.

لە درێژەی خۆپیشاندانەکان دژ بە ڕێژیمی ئێران کە لە دەرەوە و لە وڵاتی سوئید بەڕێوە دەچێت، هاوکات بەشی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی وڵاتی سوئیدیش کە بەردەوام بەیاننامە بۆ پشتیوانیی لە خەڵکی کوردستان،  بۆ پارلمانتاران و دامودەزگاکانی سوئیدی دەنێرێت، پارلمانتارێکی سوسیال دێموکرات بە ناوی لەیف نیسمێد لە لاپەڕەی فەیسبووکیی خۆیدا بڵاوی کردووەتەوە و داوای لە پارلمانتارانی جیهان کردووە کە یەک بگرن و پشتیوانی لەو زیندانییە سیاسیانەی کە لە بەندیخانەکانی ئێران بکەن کە مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە. 

ئەو پارلمانتارەی سوئید نموونەی یەکێک لەو زیندانییانەی کە سزای سێدارەی لەسەرە هێناوەتەوە.

ناوبراو نووسیویەتی نموونەیەک "هێمن شاهیـ"ـیە کە بنەماڵەکەی بە کاروان بانگی دەکەن، هێمن تەمەنی ٢٣ ساڵە  و کوردە و خەڵکی شاری شنۆیە، ناوبراو خێزاندار و کچێکی تەمەن سێ مانگەی هەیە.

لەیف نیسمێد لەو نامەیەدا بڵاوی کردووەتەوە بەپێی ئەو زانیارانەی کە پێی گەیشتووە هێمن لە بەندیخانەی شاری ورمێیە، بەڵام لەو بەندیخانەیە گوێزراوەتەوە بۆ بەندیخانەیەکی دیکە کە لەوێ ڕۆژانە کەسێک لە سێدارە دەدرێ و ئەم ڕاگوێزانەش بنەماڵەکەی تووشی دڵەڕاوکێ کردووە.

لەیف نیسمێد ئەم نامەیەی بۆ پارلمانی ئورووپا و بە تایبەتی بۆ نوێنەری کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤ و کۆمیسیۆنی بەرزی مافی مرۆڤ ناردووە. 

کۆمەڵێک پارلمانتار و کەسایەتی لەسەر ئەو نامەیە پشتیوانیی خۆیان لە خەڵکی خۆپیشاندەر و زیندانییانی سیاسی دەربڕیوە.