کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كۆچی دوایی كەسایەتییەكی نیشتمانپەروەر لە شاری پیرانشار

11:30 - 28 سەرماوەز 2722

ئەبووبەکر سوڵتانی، کەسایەتیی نیشتمانپەروەر و خۆشناوی ناوچەی پیرانشار، لە تەمەنی ٦٧ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی یەکشمەممە، ٢٧ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، کاک ئەبووبەكر سوڵتانی، کەسایەتیی دڵسۆز و نیشتمانپەروەری خەڵکی گوندی گرداشەوان سەر بە ناوچەی لاجانی پیرانشار و دانیشتووی ئەو شارە، لە تەمەنی ٦٧ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد و هەمان ڕۆژ بە بەشداریی خەڵكی ئاوایی گرداشەوان و ناوچەکە ئەسپەردەی خاکی پیرۆزی کوردستان کرا.

کاک ئەبووبەکر، لە بنەماڵەیەكی نیشتمانپەروەری ناوچەی لاجانی پیرانشار بوو، جگە لە باوکی كە یەكێک لە پێشمەرگە دێرینەكانی سەردەمی كۆماری كوردستان بوو، هاوكات سێ لە براكانیشی بە ناوەكانی مەلاحەسەن، حامید و حوسێن سوڵتانی لە ڕیزی تێكۆشەرانی دێموكراتدا بەوپەڕی لەخۆبردوویی و فیداكارییەوە خەباتیان كردووە و تێكەڵ بە كاروانی پڕ لە سەروەری شەهیدان بوون.

ئەو بنەماڵەیە لە قۆناغە جیاوازەكانی خەباتی ڕزگاریخوازیی ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا هەمیشە یارمەتیدەر و پشتیوانی پێشمەرگە و لایەنگرانی دێموكرات بوونە و هەردەم بە شانازی و سەربەرزییەوە لەسەر درێژەدانی ڕێبازەكەیان پەیمانیان دووپات کردووەتەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی کۆچی دوایی کاک ئەبووبەکر، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو و هەموو خەڵکی ناوچەی پیرانشار دەکا و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.