هێزەکانی زاگڕۆسی سەر بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ٢٦ی سەرماوەز، ڕێزیان لە ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان گرت.
لە ماوەی ڕۆژانی ٢٤ هەتا ٢٦ی سەرماوەز و لە چەند شوێنێکی جیای چیاکانی کوردستاندا هێزەکانی ١١٥، ١٢٢، ١٢٦، ١٣٥، ١٤٥ی هیزەکانی زاگڕۆس لە چەند ڕێوڕەسمێکی پڕشکۆی پێشمەرگانەدا یادوبیرەوەریی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و حەماسەخوڵقێنیی پێشمەرگەیان بەرز ڕاگرت.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەو ڕێوڕەسمانەدا پەیامی سیاسیی هێزەکانی ١١٥ و ١٢٦ لەلایەن کاک خدر پاکدامەن، فەرماندەی هێزەکانی زاگڕۆس، پەیامی هێزی ١٣٥ لەلایەن کاک مستەفا مەناف، فەرماندەری ئەو هێزە؛ پەیامی هێزی ١٤٥ لەلایەن کاک حیکمەت نەبیزادە، فەرماندەری ئەو هێز و پەیامی هێزی ١٢٢ لەلایەن کاک هەژار فەرەجزادەوە، کادری سیاسیی لکێکی ئەم هێزەوە پێشکێش کران.
لە وتار و پەیامەکانی ئەم ڕێوڕەسمانەدا ئاوڕ لە ڕۆڵ و کارتێکەریی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە هەموو قۆناغەکانی مێژووی دوای دروستبوونی درابۆوە و، تیشک خرابووە سەر ئەم ئەرک و بەرپرسایەتییەی لە گۆڕانکارییەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا دەکەوێتە سەر شانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
ڕێژە و جووڵەی سەربازی، خوێندنەوەی پەیام و شێعر و پەخشان، پێشکێشکردنی سروود و گۆرانی و هەڵپەرکێی پێشمەرگانە لەلایەن پێشمەرگەکانەوە چەند بڕگەیەکی دیکەی هەرکام لەو ڕێوڕەسمانە بوون.