کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوشاری کۆماری ئیسلامی بۆ سەر پزیشک و ناوەندە دەرمانییەکانی بۆکان

11:52 - 11 سەرماوەز 2722

هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بۆکان، گوشاریان خستووەتە سەر پزیشک، پەرستار و خاوەنی دەرمانخانەکان بۆ ئەوەی هاوکاریی بریندارانی ڕاپەڕینی سەرانسەرییان کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٠ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، ئیدارەی ئیتلاعات و هێزە داگیرکەرەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران لە شاری بۆکان، گوشارێکی زۆریان خستووەتە سەر پزیشک، پەرستار، خاوەن دەرمانخانەکان، کادری دەرمانیی نەخۆشخانەکان و بنکەکانی تەندروستیی ئەو شارە کە بریندارانی ڕاپەڕینەکەیان چارەسەر کردووە.

ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستیی پاسداران لە شاری بۆکان، ڕۆژانە چەندین کەس لە پزیشک و پەرستاری ئەو شارە بانگی ناوەندە سەرکوتکەرەکان دەکەن و لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکەن و تا ئیستا دوو کەس بە ناوەکانی دوکتور شۆڕش حەیدەری کە خاوەن دەرمانخانەیە و کادرێکی دەرمانیش بەناوی سارەبانزادە پاش بانگکردنیان دەسبەسەر کراون و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.