کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێلژیک داوای لە هاووڵاتییانی خۆی کردووە بە خێرایی ئێران بەجێ بێڵن

12:24 - 28 سەرماوەز 2722

لەسەر ئەوەیکە لە ئێران خەڵکی بیانی و ڕۆژنامەنووسان لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر دەکرێن و دۆخێکی ئاڵۆز هەیە، دەوڵەتی بێلژیک داوای لە هاووڵاتییانی خۆی کردووە کە خاکی ئێران بەجێ بێڵن.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فەرانسە، ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، دەوڵەتی بێلژیک لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە تەواوی ئەو کەسانەی کە سەردانی ئێران دەکەن و ئەو کەسانەش کە خاوەنی دوو ڕەگەزنامەن و هاتووچۆی ئێران دەکەن، ئەگەری هەیە دەسبەسەر بکرێن و دواتر نادادپەروەرانە لێکۆڵینەوەیان لێ دەکرێ و ئەوەش مەترسییەکی گەورەیە لەسەر ئەو کەسانەی کە بە هەر هۆیەکەوە سەردانی ئێران دەکەن، بۆیە داوا لە هاووڵاتییانی بێلژیکی دەکا بە زووترین کات خاکی ئێران بەجێ بێڵن.

لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە کە لەو دواییانەدا هاووڵاتییەکی بێلژیکی-ئێرانی و چەند کەسێکی ڕۆژاوایی دیکە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون و تا ئێستاش لە بەندیخانەکانی ڕێژیمدان و لە کاتی دەسبەسەرکرانیان ڕێژیمی ئێران هیچ ڕێزێک لە یاسای مافی بنەڕەتی و ئاسایشی کەسیی دەسبەسەرکراوان ناگرێت.