کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی ئێران

12:31 - 28 سەرماوەز 2722

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، ڕایگەیاند کە هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە گرتنگەکانی خۆیان کە خۆپیشاندەرانیان دەسبەسەر کردووە، دەستدرێژی سێکسی دەکەنە سەریان. 

ڕۆژی یەکشممە، ٢٧ی سەماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە کە  هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە گرتنگەکان کە خەڵکی خۆپیشاندەری دەسبەسەر کردووە، دەستدرێژی سێکسی دەکەنە سەریان و بە شێوەیەکی دڕندانە ڕووبەڕووی ئەشکەنجەی سێکسیان دەکەنەوە و ئەوەش جینایەتێکی دیکەی ڕێژیمی ئێرانە کە دەبێ هەموو جیهان لێی ئاگادار بێت.

نیویۆرک تایمز لە ڕاپۆرتەکەیدا باسی لەوە کردووە کە ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای دەستدرێژی و ئازاری سێکسی بۆ سەر دەسبەسەر کراوان، دەیهەوێ دانپێدانانی زۆرەملێ وەربگرێ و بە شێوەیەکی نامرۆڤانە دەستدرێژی سێکسی دەکاتە سەر ژنان و کچانی دەسبەسەر کراو.

بەپێی بەڵگەکان یەکێک لەو دەسبەسەرکراوانە کە لەلایەن مەئموورانی ڕێژیمەوە دەستدرێژی سێکسیی کراوەتە سەر، کچێکی تەمەن ١٥ ساڵە بووە و بەو هۆیەوە گیانی لەدەست داوە.