کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەفالەتی سیاسی چییە و چ کاریگەرییەکی لە دۆخی زیندانی سیاسی دا دەبێ؟

16:44 - 28 سەرماوەز 2722

لەیلا قادری

ماوەیەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زۆر قسە لەسەر چەمکی کەفالەتی سیاسی دەکرێ و لەبەر ئەوەی خودی چەمکەکە نوێیە و لە ئەدەبیاتی سیاسیی کوردیشدا جێ نەکەوتووە، بۆیە لەم بابەتەدا هەر بە کەفالەتی سیاسی نێوی دێنین.

ڕەوتی وەئەستۆ گرتنی کەفالەتی سیاسی گیراوەکانی ڕاپەڕینی ژن، ژیان، ئازادی لێرەوە دەستی پێ کرد: ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، ئاردین قومی، ئەندام پەڕلەمانی فەڕەنسا کە بە ڕەچەڵەک ئێرانییە کەفالەتی سیاسیی ڕەزا ئیسلام دوست، خەڵکی شنۆ کە لە ڕاپەڕینەکەی ژینادا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم دەستبەسەر کراو و دواتر سزای لەسێدارەدرانی بەسەردا سەپا وەئەستۆ گرت. ئادرین لە تویتیکدا نووسی: "نێوی ڕەزا ئیسلام دوستە و تەنیا ٢٤ ساڵ تەمەنیەتی، ئێستا سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە. من کەفالەتی سیاسی ئەو وەئەستۆ دەگرم و بە پێداگری زیاترەوە ئێعدامە بەرنامە بۆ داڕێژراوەکانی ئیران مەحکووم دەکەم، هیچ سیستەمێک بۆی نییە مرۆڤێک لە ژیان بێ بەش بکات".

وەک دیارە ڕەوتی وەئەستۆگرتنی کەفالەتی سیاسی بەندکراوەکانی ڕاپەرینی ژن ژیان ئازادی لە لایەن پەڕلەمانتارەکانی ئەورووپا ڕوو لە زیادبوونە. پرسیار ئەوەیە وەئەستۆگرتنی کەفالەتی سیاسیی چ کاریگەرییەکی لەسەر دۆخ و چارەنووسی ئەو بەندکراوانە دەبێ کە ڕووبەڕووی هەڕەشەی لەسێدارەدان بوونەتەوە؟

کەفالەتی سیاسی چییە؟

کەفالەتی سیاسی چەمکێکە کە بەدیاریکراوی بە مانای پشتگریی ئەخلاقی کەسێکی خاوەن پێگە لە زیندانییەکی سیاسی دێت و ڕەهەندەی قەزایی ئەو کەیسە و بەڵێنی یاسایی بەرامبەر کەسی بەندکراو لەخۆ ناگرێت .

ئەو چەمکە وەک یاساییەک سەرەتا لە ساڵی ٢٠٠٣ بە پێشنیاری حکوومەتی ئەڵمانیا لە کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی پەڕلەمانی ئەو وڵاتە پەسند کرا. بە پێی ئەو یاسایە ئەندامانی پەڕلەمانی ئەڵمانیا دەتوانن بەرگری سیاسی ئەندام پەڕلەمانی هەر وڵاتێکی دیکە وەئەستۆ بگرن کە لەژێر هەڕەشە و گوشاری سیاسی دابێت. 

ماوەیەک دواتر یاساکە پانتای وەخۆگرتنی کەیسەکانی بەرفراوانتر کرا و پاڵپشتی و بەرگریکردنی لە چالاکانی سیاسی، هونەرمەندان، بەرگریکارانی مافی مرۆڤ و ناڕازییە سیاسییەکانیشی لەخۆگرت. 

هەرچەندە کەفیلی سیاسی وەک پارێزەری یاسایی ئەو دەسەڵاتەی نییە لە دادگا بەرگری لە کەیسی مەبەست بکات، بەڵام ئەو هێزەی هەیە کە لە رێی پێگە و دەسەڵاتی سیاسی خۆیەوە، دەنگی زیندانییەکە بە شوێنە کاریگەرەکان بگەیەنێ و سەرنجی ڕای گشتی بۆ بەدواداچوونی دۆخی بەندکراوەکە ڕابکێشێت، بەمەش لە ئاستی نێودەوڵەتی بوار بۆ ڕێگریکردن لە پێشێلکردنی مافەکانی بەندکراوانی سیاسی دەڕەخسێت.

ڕێکخراوی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ لە پرۆژەیەکدا ئەو بەندکراوە سیاسییانە دەستنیشان دەکات کە پێویسیتان بە یارمەتی و پاڵپشتی خێرا هەیە و بە ئەندام پەڕلەمانەکانیان دەناسێنێت، بۆ نمونە داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، داکۆکیکارانی مافی ژنان، ڕۆژنامەنووسان، ئەندامانی کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان و ژینگەپارێزان.

ئەو ڕێکخراوە زانیاریی کەسیی بەندکراوەکان کۆ دەکاتەوە و هەموو توانای میدیایی خۆی بەکار دێنێت و دوای ئەوەی ئەندام پەڕلەمانەکە ئامادەیی خۆی وەک کەفیلی سیاسی دەربڕی، وێنەی ئەندام پەڕلەمانەکە و زانیارییە تایبەتییەکانیش بڵاو دەکاتەوە، ئەو ڕێکخراوە دواتر هەر گۆڕانکارییەک کە لە کەیسی زیندانیدا ڕوو بدات، یەکسەر هەواڵەکەی نوێ دەکاتەوە، بۆ ئەوەی ڕای گشتی ئاگادار بێت.

عەلیڕەزا ئاخوندی، ئەندام پەڕلەمانی سویید کە بەڕەچەڵەک ئێرانییە، کەفالەتی سیاسی ڕەزا ئاریای وەئەستۆ گرتووە، کە یەکێکە لە بەندکراوانی ئەم دواییەی خۆپێشاندانەکانی ئێران و لە شاری کەرج بە تۆمەتی تێوەگلانی لە کوشتنی بەسیجییەکدا گیراوە و سزای ئیعدامی بەسەردا سەپاوە.

ئاخوندی لە تویتێدا نووسی: "من عەلیڕەزا ئاخوندی، ئەندام پەڕلەمانی سویید، ڕایدەگەیەنم کە کەفالەتی سیاسی ڕەزا ئاریا دەگرمە ئەستۆ کە تەنیا بە هۆی دەربڕینی ناڕەزایەتیی ئاشتیخوازانە بەند کراوە و سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە.   "

تا ئێستا بەشیک لە ئەندامانی پەڕلەمانی ئەڵمانیا (بۆندستاگ)یش کەفالەتی سیاسی ژمارەیەک لەو کەسانەیان وەئەستۆ گرتووە کە لە ڕاپەڕینەکەی ڕۆژهەڵات و ئێران لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە حوکمی دژە مرۆیی سێدارەیان بەسەردا سەپاوە. 

دنیلا سێپێهری، چالاکی مافی مرۆڤ لە تویتێکدا نووسی: "تا ئیستا ٦٥ ئەندام پەڕلەمانی ئەڵمانیا کەفالەتی سیاسیی ژمارەیەکی بەرچاو لەو بەندکراوانەیان وەئەستۆ گرتووە. "

ڕێکخراوەی نەتەوەیەکگرتووەکان لەوبارەیەوە دەڵێ؛ هەر ئەندام پەڕلەمانێک بە هەڵبژاردنی یەک زیندانی سیاسی و بەکارهێنانی هێزی سیاسی خۆی ڕێکارێک بۆ ئازادی زیندانییە سیاسییەکە وەگەردەخات. ئەندامانی پەڕلەمان دەتوانن پەیوەندی بکەن بە باڵوێزی حکوومەتی مەبەست و داوای وەڵامیان لەبارەی دۆخی زیندانییە سیاسییەکانەوە لێبکەن.

ئەگەر ئەندام پەڕلەمانەکە بتوانێ هێزی میدیایی خۆشی بۆ شیکردنەوە پرسی مافی مرۆڤ و هاوبەشکردنی زانیارییەکانی لەباری دۆخی ئەو بەندکراوەی کە مەبەستییەتی بەکار بێنیت باشتر دەبێت، ئەزموون دەریخستووە، ئاگاداربوونی زیاتری خەڵک لە دۆخی زیندانییەکە دەرەنجامی باشتری دەبێت و سەرنجی نێودەوڵەتی دەبێتە هۆی پارێزراو بوونی زیاتری گیانی بەندکراوەکە. بە وتەی چاودێرانی سیاسیی تەنانەت حکوومەتە دیکتاتۆڕەکانی وەک کۆماری ئیسلامی و چینیش حەز دەکەن، بەڕەواڵەت وێنایەکی یاسامەند بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر بەندکراوان لە خۆیان پێشان بدەن.

جا وڵاتێکی وەکوو ئەڵمانیا چ لە ڕووی ئابووری و چ لە ڕووی سیاسی بۆ ئەو دوو وڵاتە زۆر گرینگە. ئەزموونەکان دەریانخستووە کە وڵاتانی وەکوو ئێران لە بەرامبەر داواکانی ئەندامانی پەڕلەمانی ئەڵمانیا زۆر هەستیارانە کار دەکەن و پاڵپشتی لەوجۆرە کاریگەری لەسەر بڕیارەکانیان دەبێ.

مارتین دینهۆڤن، ئەندام پەڕلەمانی ئەڵمانیا لە ٩ی سپتامبەر کەفالەتی سیاسی محەمەد برو‌‌غەنی وەئەستۆ گرت و لە تویتەری خۆی وێنەیەکی محەمەد بروغەنی بڵاو کردەوە و نووسی:" ئەوە محەمەد بروغەنییە. محەمەد لە پێناو ئازادیدا لە ئێران ناڕەزایەتی دەربڕی هەر بەو هۆیەشەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپا. محەمەد هەڕەشەی لەسێدارەدرانی لەسەرە و من داوا لە حکوومەتی ئەڵمانیا و باڵوێزی ئێران دەکەم کە هەوڵەکانیان بۆ ئازادکردنی ئەو بەندکراوە بخەنە گەڕ".

مارتین دینهۆڤن بەوردی بەدواداچوون بۆ دۆخی محەمەد بروغەنی دەکات. ڕۆژی چواشەممەی ڕابردوو کاتێک کە چەند هەواڵێک لەبارەی ئەگەری لەسێدارەدارانی محەمەد بروغەنی بڵاو بووەوە، دوای بەدواداچوونی لە چەندین سەرچاوەی جیاوازەوە، نووسی: " چەند کاتژمێر بەر لە ئێستا، محەمەد برو‌غەنی ١٩ ساڵان دوای ئەوەی چاوی بە دایکی و خوشکی کەوت، بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوە و لە ئان و ساتی لەسێداردان دایە."

دینهۆڤن چەند کاتژمێر دواتر، هەواڵی دۆخی محەمەد بروغەنی پێگەیشت و لە تویتێکدا داوای لە خەڵک کرد کە دەنگی ئەو بن و نەهێڵن حوکمی سێدارەی محەمەد بەڕێوەبچێت و نووسی: "بە پێی زانیارییەکانی گەیشتوو محەمەد بروغەنی لە بەندی ٣٩٠ی بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرجە، ڕێک ئەو بەندەی کە موحسین شکاری شەوی بەر لە لەسێدارەدرانی بۆ ئەوێ گوازراوە."

یەن ڤون ڕی، ئەندام پەڕلەمانێکی دیکەی ئەڵمانیایە کە کەفالەتی سیاسی توماج ساڵحی، ڕەپەری وەئەستۆ گرتووە، توماج لە خۆپێشاندانەکانی ئێران دەستبەسەر کراو و دواتر بە تۆمەتی موحاربە حوکمی لەسێدارەدارنی بەسەردا سەپا.

خانمی یەن لە تویتەری خویدا، جگە لە بڵاوکردنەوەی زانیاری سەبارەت بە دۆخی توماج ڕایگەیاند؛ کە چەندین ئەندام پەڕلەمان ئامادەیی خۆیان بۆ وەرگرتنی کەفالەتی سیاسیی توماج وەرگرتووە.

ئەو ئەندام پەڕلەمانانەی کە کەفالەتی سیاسیی زیندانییە سیاسییەکانی ڕاپەڕینی ژن ژیان ئازادیی ئێرانیان لە ئەستوویە، ئەوانەی کە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە، ئەو مافەیان هەیە کە لەبارەی دۆخی زیندانییە سیاسییەکان لە وڵاتی خۆیان لێپرسینەوە لە باڵوێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بکەن و گوشاریان بخەنە سەر و هەروەها دەتوانن داوا لە وڵاتەکەی خۆیان بکەن کە هەوڵەکانیان بۆ فشارخستنە سەر کۆماری ئیسلامی چڕ بکەنەوە و بەمەش ڕێگری لە لەسێدارەدانی زیندانییەکان بکەن.

لەوانەیە چەندین پەڕلەمانتار کەفالەتی سیاسی یەک زیندانیی سیاسی وەئەستۆ بگرن. ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئومیدی نووری پور، سەرۆکی حیزبی سەوزی ئەڵمانیا ئەندامێکی دیکەی پەڕلەمانە کە کەفالەتی سیاسی ساڵحی وەئەستۆ گرتووە. ناوبراو دوای وەرگرتنی کەفالەتی سیاسی توماج ساڵحی وتی؛ ئەگەر سزای سێدارە بەسەر توماج ساڵحی جێبەجی بکرێت هەموو هەوڵەکانی دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی ڕێگری لە پێوەندی بازرگانی نێوان ئێران و ئەڵمانیا بکات.

بە پێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ پێشینەی وەئەستۆگرتنی کەفالەتی سیاسی زیندانییە سیاسییەکانی ئێران بۆ پێشتر دەگەڕیتەوە، بۆ نموونە تێری راینتکە، ئەندام پەڕلەمانی ئەورووپا و ئیمکە بیل ئەندام پەڕلەمانی ویلایەتی نیدرزاکسێنی ئەڵمانیا ساڵی ٢٠٢١ کەفالەتی سیاسی سەعید تەمجیدی، لە دەستبەسەرکراوەکانی خەزەڵوەری ٩٨ کە سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو وەئەستۆ گرت ، تەمجیدی لە مارسی ٢٠٢٢ بە دانانی بارمتە بۆ ماوەی کاتی ئازاد کرا.

سەرچاوە: Euronews