![](/content/upload/1/news/57609_w920.jpg)
ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دەستی بە سەر تۆڕی کۆمەڵایەتی ئەو کەسانەدا گرتووە کە لە ڕاپەڕینەکاندا دەسبەسەر کراوان و بە تەواوی خستوویەتیە ژێر چاوەدێریی خۆیەوە.
ڕۆژی دووشەممە، ١٨ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، ڕۆژنامەی سیئێنئێن ڕایگەیاند کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لاپەڕە تایبەتەکانی وەکوو؛ ئینستاگرام، فەیسبووک، تێلگرام و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەی دەسبەسەرکراوانی ڕاپەڕینە سەرانسەرییەکانی خستووەتە ژێر چاوەدێریی خۆیەوە و دەستی بەسەریاندا گرتووە و ئەویش یەکێکی دیکە لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤە کە ڕێژیم ئەنجامی دەدا.
دەسبەسەرداگرتنی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تاکە کەسیی دەسبەسەرکراوان لەلایەن ڕێژیمەوە لە حاڵێکدایە کە ئەو کۆمپانیایانەی کە بەرهەمهێنەری ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانەن مافی ئەوەیان نییە بچنە ناو هەرێمی شەخسی کەسەکانەوە، بەڵام ڕێژیمی ئێران بە ئەشکەنجە و هەڕەشەکردن لە دەسبەسەرکراوان بەوپەڕی بێ شەرمییەوە هەموو کارێکی نامرۆڤانە دەکا و هیچ گرینگییەک بە یاساکانی مافی مرۆڤ و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ نادا.