کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانیی بنەماڵەی زیندانییانی سیاسیی مەهاباد لە مانگرتنی ڕۆژانی ٢٩ و٣٠ سەرماوەز

21:10 - 28 سەرماوەز 2722

بەشێک لە بنەماڵەی زیندانییانی سیاسیی مەهاباد لە پەیامێکدا ڕوو بە خەڵکی خۆڕاگری کوردستان داوایان کردووە لە مانگرتنی گشتی لە ڕۆژانی ٢٩ و٣٠ سەرماوەزدا بەشداریی بکەن.

لەو پەیامەدا هاتووە ماوەی دەیان ساڵە، حکوومەتی ئاخوندی، حکوومەتی پەت و سێدارە لە شەهیدکردن و زیندانیکردن و دەسبەسەرکردن و پشتگوێ خستنی بەئەنفەستی ناوچەی کوردستان دەست ناپارێزێ و وەڵامی هەرچەشنە داخواز و داواکارییەکی خەڵک بەتایبەت لە کوردستانی بە شەڕ و داگیرکاری، کۆمەڵکوژی و سەرکوت و زەبروزەنگ داوەتەوە. لە سێ مانگی ڕابردووشدا کە ڕاپەڕینی مافخوازانە بەدژی ڕێژیم وەڕێ کەوتووە، دیسانەکە وەڵامی خەڵک هەر گوللە و ئاسن و میلیتاریزەکردنی شار و ناوچەکان بووە.

لە بەشێکی دیکەی ئەو پەیامەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئێستا لە دەرکەی هاتنەژوورەوەی هەموو شارەکان، هێزەکانی ڕێژیم خەریکی پشکنینی خەڵک و بێ ڕێزی و بێ حورمەتی بە خەڵکن و، زۆر بێ‌شەرمانە چاو لە نامووسی خەڵک دەکەن و تەنانەت بۆ تێرکرنی چاوی حیزیان بەئەنقەست لە ژنان و کچان هەڵدەپێچن.

لە کۆتایی پەیامەکەدا هاتووە کە ئێمە بنەماڵەی زیندانییانی سیاسی داوا لە هەموو خەڵکی کوردستان بە تایبەتی مەهاباد دەکەین، کە لە مانگرتنە گشتییەکانی ٢٩ و ٣٠ی سەرماوەزدا بەشدار بن و نەهێڵین خوێنی شەهیدان و ڕەنجی زیندانییەکانمان بە فیڕۆ بچێت.