کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئانتۆنیۆ گۆتێرێز: سەرکوتی خەڵکی ناڕازیی ئێران بە هیچ جۆرێک قەبووڵ ناکرێ

10:27 - 29 سەرماوەز 2722

هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی خۆپیشاندانەکان لە شارەکانی ئێران و بانگەواز بۆ بەڕێوەچوونی مانگرتن و خۆپیشاندان لە ڕۆژانی، دووشەممە، سێشەممە و چوارشەممە، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی، سەرکوتی خەڵکی ناڕازی و ڕاپەڕیوی ئێران بە هیچ جۆرێک قەبووڵ ناکرێ.

ئانتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا بەئاماژە بە سەرکوت و کوشتنی خەڵکی ڕاپەڕیوی گەلانی ئێران لەلایەن دەسەڵاتەوە وتی: "بەشێوەیەکی سیستماتیک و بەربڵاو مافی مرۆڤ لە ئێران و لەلایەن دەسەڵاتی ئەو وڵاتەوە پێشێل دەکرێ کە ئێمە بە توندی ئەو کردەوەیە مەحکووم دەکەین".

گۆتێرێز وتیشی: "سەرکوت و کوشتنی خەڵکی ناڕازی و ڕاپەڕیوی گەلانی ئێران، بە هیچ جۆرێک قەبووڵ ناکرێت".

لەماوەی یەک حەوتووی ڕابردوودا بە ئێعدامی دوو خۆپیشاندەر لە تاران و مەشهەد و زۆربوونی مەترسیی لەسێدارەدانی ٢٨ دەسبەسەرکراوی دیکەی ئەو ڕاپەڕینە کە ١١ کەسیان سزای لەسێدارەدانەکەیان پێ ڕاگەیەندراوە، هەڵمەتێکی جیهانیی بۆ ڕزگارکردنی گیانی دەبەسەرکراوانی ئەو ڕاپەڕینە کە مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەر دەستی پێ کردووە.