کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە دووکاندارانی مەریوان

11:14 - 29 سەرماوەز 2722

پاش بانگەواز بۆ مانگرتنی گشتیی لە کوردستان و ئێران و درێژەدان ڕاپەڕین، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری مەریوان هەڕەشەی داخستنی دووکانەکان لە خەڵک دەکەن.

بەپێی ئەو هەواڵ و زانیارییانەی کە بە ژووری ناوەندی هەواڵی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گەیشتووە، هێزەکانی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی دووشەممە، ٢٨ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، پاش بانگەوازی گشتیی لاوانی شۆڕشگێری ئێران و بە تایبەتی کوردستان بۆ مانگرتن و ڕاپەڕینی سەرتاسەری لە ڕۆژانی ٢٨، ٢٩ و ٣٠ی سەرماوەز، هێزەکانی ڕێژیم لە مەریوان گوشارێکی زۆریان خستووەتە سەر دووکانداران وکاسبکارانی ئەو شارە و پێیان ڕاگەیاندوون کە ئەگەر دووکانەکانتان دابخەن سەرەڕای ئەوەیکە دووکانەکانتان پڵۆمپ دەکرێ، دەبێ جەزایەکی نەقدیش بە حکوومەت بدەن.

بەو حاڵەوە خەڵکی مەریوان بەبێ گوێدان بە هەڕەشەکانی هێزەکانی ڕێژیم دووکان و بازاڕەکانیان داخستووە و وێڕای هەموو خەڵکی کوردستان پێوەست بە مانگرتن و ڕاپەڕینە گشتییەکانەوە بوون.