کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕوونیی چارەنووسی مێرمنداڵێکی دەسبەسەرکراو پاش سێ مانگ

11:48 - 29 سەرماوەز 2722

مێرمنداڵێکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی پیرانشار بەناوی کەیوان قوربانی‌نژاد، پاش تێپەربوونی نزیکەی سێ مانگ لە دەسبەسەرکرانی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە، چارەنووسی نادیارە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "کوردپا"، ڕۆژی سێشەممە، ٢٩ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، کەیوان قوربانی‌نژاد، تەمەن ١٥ساڵان و خەڵکی شاری پیرانشار، نزیکەی سێ مانگ لەمەوبەر لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران دەسبەسەر کراوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە و ئەوەش نیگەرانیی زۆری بۆ بنەماڵەکەی دروست کردووە.

هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کوردستان بە بەردەوامی بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک هەڵدەکوتنە سەر هاووڵاتیان و دەسبەسەر و دەیانڕفێنن.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە دوای بەدواداچوونی بنەماڵەی دەسبەسەرکراوان هیچ وڵامێکیان نادرێتەوە و نازانن چارەنووسی منداڵەکانیان چی لێ دێت، نزیکەی سێ مانگە بنەماڵەی کەیوان قوربانی‌نژاد هیچ زانیارییەکیان لەسەر چارەنووسی منداڵەکەیان نییە و هیچ ناوەندێکی ڕێژیمیش وڵامیان نادەنەوە.