کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانگەوازی مانگرتنی گشتی لە بەلووچستان بۆ پشتیوانیی لە مەولانا عەبدولغەفار

11:58 - 29 سەرماوەز 2722

چالاکانی سیاسیی بەلووچ بۆ پشتیوانیی لە مەولانا عەبدولغەفار نەقشبەندی، بانگەوازی مانگرتنی سەرانسەرییان لە بەلووچستان ڕاگەیاند.

ڕۆژی سێشەممە، ٢٨ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، بەپێی ڕاپۆرتی ڕەسەدی بەلووچستان، چالاکانی سیاسیی و مەدەنیی بەلووچ، بۆ پشتیوانیی لە مەولانا عەبدولغەفار نەقشبەندی  کە لەلایەن دادگای تایبەتی ڕوحانییەتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە مەشهەد دەسبەسەر کراوە، بۆ ڕۆژی چوارشەممە مانگرتنی گشتییان لە سەرانسەری بەلووچستان دژی ڕێژیمی ئێران ڕاگەیاندووە و داوای ئازادکردنی ئەو کەسایەتییە ئایینیە دەکەن.

مەولانا عەبدولغەفار، ڕۆژی دووشەممە لە دادگای تایبەتی ڕوحانییەتی ڕێژیمەوە لە مەشهەد بانگ کراوە و دوای ئەوە ئیدی مۆبایلەکەی کوژاوەتەوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە و ئەوەش نیگەرانی لای خەڵکی بەلووچستان دروست کردووە و گومان دەکرێ کە لەلایەن سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە دەسبەسەر کرابێت.
بۆیە لە بانگەوازیکدا داوا کراوە ڕۆژی چوارشەممە، ٣٠ی سەرماوەز، لە سەرانسەری بەلووچستان دژی کردەوەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران مانگرتنی بەربڵاو و گشتیی بەڕێوە بچێت.