کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی هێزەکانی ڕێژیم لە دووکاندارانی ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ

17:51 - 29 سەرماوەز 2722

دوای ڕاگەیاندنی مانگرتنی گشتیی لەلایەن ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بۆ ڕۆژانی ۲۹ و ۳۰ی سەرماوەز، هێزەکانی ڕێژیمی ئێران هەڕەشەی توندیان لە بازاڕییانی ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ژووری هەوڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هێزەکانی سەر بە سپای تێرۆریستی پاسداران لە گوردانی نەبی ئەکرەم لە زێوە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ۲۹ی سەرماوەز ڕژاونەتە ناو بازاڕی دزەی مەرگەوەڕ و بە هەڕەشە و تۆقاندن هەوڵی کردنەوەی دووکان و بازاڕەکانیان داوە.

هێزەکانی سپا و بەکرێگیراوەکانی پێوەندییان بە زۆربەی دووکاندارانەوە گرتووە و پێیان ڕاگەیاندوون کە ئەگەر بێت و دووکانەکانیان دابخەن، ئەوە لە دواڕۆژدا سەرەڕای ئەوەی دووکانەکانیان پلۆمپ دەکرێ، بگرە لەگەڵ سزای نەغدی و لێپێچینەوەی یاساییش بەرەوڕوو دەبنەوە، بەڵام بازاڕیان و دووکاندارانی ناوچەی مەرگەوەڕ ڕایانگەیاندووە کە ئەوە لە ورەی پۆڵایینیان بۆ بەشداریی لە شۆڕشی ژینا ناشکێنێت و تا سەرکەوتنی شۆڕشی ژینا بەردەوام دەبن.