کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی مانگرتن و ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان و ئێران

10:52 - 30 سەرماوەز 2722

پاش بانگەوازی حیزب و لایەنە سیاسییەکان، چالاکانی مەدەنی و لاوانی شۆڕشگێڕی کوردستان و ئێران بۆ سێ ڕۆژ مانگرتن و ڕاپەڕینی گشتی، شارەکانی کوردستان و ئێران مانگرتن و خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد.

ڕۆژی سێشەممە، ٢٩ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، پاش بانگەواز و ڕاگەیاندنی مانگرتنی گشتی لە کوردستان و ئێران و هەروەها درێژەی ڕاپەڕینەکان دژی دەسەڵاتی ئاخوندی، زۆربەی شارەکانی کوردستان و ئێران بە داخستنی دووکان و بازاڕەکانیان و هەروەها ڕژانە سەر شەقامەکان ڕووبەڕووی هێز داگیرکەرەکان بوونەوە.

ڕۆژی سێشەممە لە زۆربەی شارەکانی کوردستان بە تایبەتی شارەکانی"سنە، سەقز، مەهاباد، کرماشان، بانە، کامێران و چەند شاری دیکە مانگرتنی گشتی بەڕێوە چوو و شەوەکەشی بە ئاگرکردنەوە و دروشمدان خۆپیشاندان کرا.

لە شاری سنە ڕۆژی ڕابردوو، خوێندکارانی زانکۆی کوردستان بە مەبەستی پشتیوانیی لە مانگرتن و ڕاپەڕینە سەرتاسەرییەکانی گەلانی ئێران، لە هەوڵێکی سەمبولیکدا بە هەڵواسینی دروشمی نا بۆ سێدارە و هەڵواسینی تەنافی ئێعدام بۆ پشتیوانیکردن لە خوێندکاری دەسبەسەرکراو "سەرکاو غوڵامی" دژایەتیی خۆیان بۆ سزای ئێعدام دەربڕی.

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەتەوە، لە شارەکانی تاران و کەرەج خەڵک پاش مانگرتن ڕژاونەتە سەرشەقامەکان، دژی کوشتن، سەرکوت و ئێعدامی خەڵکی ناڕازیی گەلانی ئێران، بە دروشمی بڕووخێ کۆماری پەت و سێدارە ڕووبەڕووی هێزەکانی ڕێژیم بوونەتەوە.

لە گوڵشەهری کەرەج خەڵکی ڕاپەڕیو سەرەڕای ئاگرکردنەوە و داخستنی ڕێگە سەرکییەکانی شار بە دروشمی مەرگ و نەمان بۆ خامنەیی و هەروەها لە تاران لە شەقامەکانی"شارەکی ئێکباتان، شەقامی سەلسەبیل، شەقامی ئینقلاب، سەرەڕای هەموو گوشارەکانی هێزکانی ڕێژیم، بە دروشمی ژن ژیان ئازادی، برووخێ کۆماری پەت و سێدارە خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد.

هەروەها لە شاری بوشێهر، خەڵکی ڕاپەڕیو و ناڕازیی حەوزەی عێلمییەی ئەو شارەیان بە نیشانەی ناڕەزایەتیی لە دەسەڵاتی ئاخوندی ئاگر تێبەردا.
هاوکات کۆمەڵیک لە هاووڵاتییانی ناڕازیی بە بە شۆڕکردنەوەی تەنافی ئێعدام لە سەرپردی"هیممەتی تاران" ناڕەزایەتیی خۆیانیان لەهەمبەر لەسێدارەدانی گەلانی ڕاپەڕیوی ئێران لەلایەن دەسەڵاتی ئاخوندییەوە دەربڕی.