کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرانسە: دەبێ بەخێرایی هاووڵاتییانی فەرانسەیی دەسبەسەر کراو لە ئێران ئازاد بکرێن

11:05 - 30 سەرماوەز 2722

وەزیری دەرەوەی فەرانسە، داوای لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە کە دەبێ بە خێراترین کات ئەو هاووڵاتییانەی خەڵکی فەرانسە کە لەلایەن ڕێژیمەوە بە بارمتە گیراون ئازاد بکرێن.

کاترین کۆلۆنا، وەزیری دەرەوەی فەرانسە، ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، کە لەسەر بارودۆخی هاووڵاتییانی فەرانسەیی کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە وەکوو بارمتە دەسبەسەر کراون وتی: "لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران قسەم کردووە و بە ناوبراوم ڕاگەیاندووە کە دەبێ بە خێراترین کات هاووڵاتییانی فەرانسەیی کە لەلایەن ئێوەوە بە بارمتە گیراون ئازاد بکرێن".

وەزیری دەرەوەی فەرانسە هەروەها جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە دەبێ ڕێژیمی ئێران ڕێز بۆ مافی مەدەنی و سیاسیی شارۆمەندانی ئێران دابنێ و دەستێوەردانەکانی لە کاروباری وڵاتانی دراوسێدا کۆتایی پێ بێنی.

شایانی باسە کە ٧ هاووڵاتیی فەرانسەیی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بە تۆمەتی جۆراوجۆر لەکاتی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دژی ئەو ڕێژیمە دەسبەسەر کراون.