کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا: ئێران هەموو ڕێگایەکی بۆ بووژانەوەی ڕێککەوتنی بەرجام داخستووە

11:08 - 30 سەرماوەز 2722

پاش بڵاو بوونەوەی هەواڵێک سەبارەت بە ڕێگایەک بۆ گەیشتنی وڵاتانی زلهێزی جیهانیی بە ڕێککەوتن لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، ڕابێرت ماڵی، نوێنەری تایبەتی ئامریکا بۆ کاروباری ئێران وتی: "تاران هەموو دەرگایەکی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن داخستووە".

ڕابێرت ماڵی، نوێنەری تایبەتی ئامریکا بۆ کاروباری ئێران، ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، لەسەر پرسی ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر لە تویتێکدا نووسی: "ڕێژیمی ئێران هەموو هەوڵەکانی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ناوکیی لەنێو بردووە و ئەو یەکەمین جار نییە کە ڕێبەرانی ئەو ڕێژیمە، ڕێککەوتنێک کە هەموو وڵاتە زلهێزە جیهانییەکان لەسەری هاوڕان، پشتی تێ دەکا لە نێوی دەبات.

هاوکات لەگەڵ تویتی ڕابێرت مالی، بەرپرسێکی دیکەی ئامریکایی لە وتووێژێکدا لەگەل هەواڵدەریی ئەلعەرەبییە ڕایگەیاندووە کە لە ئێستادا ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران خاڵی سەرەکیی بۆ ئامریکا نییە و ئەوەیکە بۆ ئامریکا گرینگە، ئەوەیە کە بە هیچ جۆرێک ئیزن نادەین ئەو ڕێژیمە دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگا.