کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێناتۆرەکانی ئامریکایی داوا دەکەن زۆرترین گوشاری مافی مرۆڤی بخرێتە سەر ڕێژیمی ئێران

11:17 - 30 سەرماوەز 2722

ئەندامانی کۆماریخوازان و دێموکراتی سێنای ئامریکا، داوایان لە کۆنگرەی ئەو وڵاتە کردووە کە زۆرترین گوشاری مافی مرۆڤی بخرێتە سەر ڕێژیمی ئێران و پشتیوانیی لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران بکرێت.

ڕۆژی سێشەممە، ٢٩ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، تیم کین، سێناتۆری حیزبی دێموکرات، لە وتووێژێکی تێلێڤزیۆنیدا وتی کە دوای دەرکردنی کۆماری ئیسلامی لە کۆمسیۆنی پێگەی ژن لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەبێ بیر لە ستراتیژیگەلێکی نوێ و ڕێگاکانی دیکە بکەینەوە تا بە ڕوونی نیشانی بدەین کە هەڵسوکەوتەکانی ڕێژیمی ئێران بەرانبەر بە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران چەندە نامرۆڤانەیە و دەبێ گوشاری زۆری بخرێتە سەر تا کۆتایی بە سەرکوتی خوێناویی بهێنێت.

هەروەها لەلایەکی دیکەوە میت ڕامێنی، سێناتۆری کۆماریخوازی ئامریکا، وتی: "ئەوەیکە لە ئێران بە ئاشکرا ڕوو دەدا هەڵسوکەوتی دڕندانەی ڕێبەرانی ڕێژیمی ئێران نیشان دەدا بەرانبەر بە خەڵکلی ڕاپەڕیو کە داوای مافی سەرەتایی خۆیان دەکەن و ئەو هەڵسوکەوتە دەبێتە هۆی ئەوەیکە جیهان بە چاوێکی نەرێنی سەیری حکوومەتی ئێران بکا و دەبێ کۆمەڵگەی جیهانی لە ئاست ئەو هەڵسوکەتە نامرۆڤانەی ڕێژیم بێدەنگ نەبن".