کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی بەلووچ سزای سێدارەی بەسەردا سەپا

11:22 - 30 سەرماوەز 2722

شوعەیب میربەلووچ زێهی، خەڵکی بەلووچستان، کە لە ڕەوتی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دژی ڕێژیم دەسبەسەر کرابوو، لەلایەن دەزگایی قەزایی ڕێژیمەوە، سزای ئێعدامی بە سەردا سەپا.

بەپێی ڕاپۆرتی کەمپەینی چالاکانی بەلووچ، ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، هاووڵاتییەکی بەلووچ بەناوی"شوعەیب میربەلووچ زێهی" کە لە ڕەوتی خۆپیشاندانی هەینی خوێناوی زاهیدان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا بوو لە دادگایەکی نادادپەروەردا سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپا.

ناوبراو پاش بانگەوازی چالاکانی بەلووچ بۆ ڕاپەڕین و خاوەنداریەتی لە شەهیدانی هەینی خویناوی زاهیدان، لەلایەن هێزە سەکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لە زاهیدان دەسبەسەر دەکرێ و لە دادگای شەهید نووری زاهیدان بە تۆمەتی "موحاربە" سزای لە سێدارەدانی بە سەردا دەسەپێت.

کەمپەینی چالاکانی بەلووچ لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاندووە کە، شوعەیب، کاتێک لە ماڵەوە دێتە دەرەوە لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر دەکرێ و پاش مانگێک دەسبەسەرکران بە تۆمەتی موحاربە سزای سێدارەی بە سەردا دەسەپێندرێت.