کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بریتانیا: هەڵسوکەوتی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لەگەڵ خۆپیشاندەران قیناوییە

11:54 - 30 سەرماوەز 2722

سەرۆکوەزیرانی دەوڵەتی بریتانیا وتوویەتی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرانبەر بە خۆپیشاندەرانی ئێرانی ڕق و قینی لە دڵدایە و بریتانیا پشتیوانیی لە خۆپیشاندەران دەکا.

ڕۆژی سێشەممە، ٢٩ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، ڕیشی سۆناک، سەرۆکوەزیرانی دەوڵەتی بریتانیا، وتی: "بریتانیا کاتی زۆرتر تەرخان دەکا بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی چالاکییە دوژمنکارانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ببێتەوە و هیزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بە جۆرێک ڕووبەڕووی خۆپیشاندەران دەبنەوە وەکوو ئەوە وایە ڕق و قینێکی زۆریان لە دڵدا بێ لە حاڵێکدا ئەوان داوای مافی سەرەتایی خۆیان دەکەن".

ڕیشی سۆناک، لە درێژەدا وتوویەتی: "هەڵسوکەوتە نامرۆڤانەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ خەڵکی نارازی ئێران، بەرنامەی ناوکیی و هەنگاوگەلی تێکدەرانە لە ناوچەکەدا بووەتە هۆی ئەوەیکە  ناوچەکە ناسەقامگیر بێ و ئەوەیکە لە ئێران بە دژی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ڕوو دەدا پەیامێکی گرینگی تێدایە کە ئەویش ئەوەیە خەڵکی ئێران کۆماری ئیسلامییان ناوێت و ئێمەش وەکوو بریتانیا لەگەڵ خەڵکی ئێرانین و پشتیوانییان لێ دەکەین".