کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٨٣ نوێنەری پارلمانی ئوتریش کەفالەتی سیاسیی زیندانییانی سیاسیی ئێرانیان وەئەستۆ گرت

12:18 - 30 سەرماوەز 2722

لە هەوڵێکی مێژووییدا تەواوی نوێنەرانی پارلمانی ئۆتریش کەفالەتی سیاسیی زیندانییانی سیاسیی ئێرانیان وەئەستۆ گرت.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، ١٨٣ نوێنەری پارلمانی ئۆتریش ڕایانگەیاند کە کەفالەتی سیاسیی ١٨٣ کەس لە زیندانییانی سیاسیی لە ئێران، وەئەستۆ دەگرن.

هەر لەو پێوەندییەدا هەتا ئێستا ١٢٠ نوێنەر لە پارلمانی فێدراڵی ئاڵمان کەفالەتی سیاسیی خۆپیشاندەرانی ناڕازی و زیندانییانی سیاسی لە ئێرانیان وەئەستۆ گرتووە.

ئەو نوێنەرانە لە ڕێگای ناردنی نامە بۆ باڵوێزی ڕێژیم ئێران لە بێرلین، وتووێژ لەگەڵ میدیاکان و لە ڕێگای گوشاری سیاسییەوە هەوڵیان داوە پێش بە ئێعدامی زیندانییانی سیاسی لە ئێران بگرن.

ماکس لووکس، یەکێک لە نوێنەرانی پارلمانی ئاڵمان کە کەفالەتی سیاسی ئەو زیندانییانەی وەعۆدە گرتووە وتوویەتی، "ئێمە بۆیە کەفالەتی سیاسیی وەئەستۆ دەگرین چون بە باشی دەزانین کە ڕێژیمی ئێران ترسی لەو کارە هەیە، ئێمە لە بەرانبەر زیندانییانی سیاسی و مەترسی لەسێدارەدانی بەوزووانەی ئەو زیندانییانە هیچ کات کەمتەرخەم نەبووینە و ناشبین".

هەروەها لە ئوسترالیا سێ ئەندامی مەجلیسی نوێنەرانی ئەو وڵاتە لە کەمپەینی کەفالەتی سیاسیی زیندانییانی سیاسی لە ئێراندا بەشدارییان کردووە.