کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانیی دنیای دەرەوە لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران و مەحکوومکردنی ڕێژیم

12:44 - 30 سەرماوەز 2722

بەرپرسانی پلەبەرزی وڵاتانی جیهانی بەردەوام پشتیوانیی خۆیان لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دەر دەبڕن و سەرکوتی خوێناوی ڕێژیمی ئێران بەرانبەر بە خۆپیشاندەران مەحکووم دەکەن.

ڕۆژی سێشەممە، ٢٩ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، جان کێربی، وتەبێژی شورای ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی، وێڕای پشتیوانیکردن لە شۆڕشی سەرتاسەری گەلانی ئێران دژی ڕێژیمی ئێران وتی: "لە ئێستادا دانوستانەکانی بووژانەوەی بەرجام هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکان لە ئێران، هیچ بەرەوەپێشچوونێکی نەبووە و لە داهاتووشدا لەو بارەیەوە هیچ بەرنامەیەک نییە بۆ دانوستان لەسەر بەرجام".
ناوبراو ئەوەشی زیاد کرد کە ئامریکا پێشوازی لە وتووێژی یەکیەتیی ئورووپا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دەکا بۆ ئەوەی بە جۆرێک کۆتایی بە سەرکوتی خۆپیشاندەران بێنێ، بەڵام ڕێککەوتنی ناوکی لە ئێستادا بە لای ئامریکاوە گرینگ نییە، ئەمریکا پشتیوانیی لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دەکات و داوا لە ڕێژیمی ئێران دەکا کە کۆتایی بە سەرکوتی خوێناوی خەڵکی ئێران بێنێت.