کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەمارۆی نوێی ئامریکا دژی ڕێژیمی ئێران

10:20 - 1 بەفرانبار 2722

وەزارەتی خەزێنەداری ئامریکا، گەمارۆی خستە سەر دادستانی گشتیی ئێران و ٧ کەس لە بەرپرسانی سپای پاسداران و کۆمپانیایەکی سەر بە سپای پاسداران.

وەزارەتی خەزێنەداری ئامریکا، ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە بەهۆی سەرکوت و کوشتنی خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران و هەروەها لەسێدارەدانی دوو کەس لە خەڵکی ڕاپەڕیوی گەلانی ئێران لەلایەن دەزگای قەزایی ئەو ڕێژیمەوە "محەممەد مونتەزێری" دادستانی گشتیی ڕێژیمی ئێران و ٦ کەس لە بەرپرسانی سپای پاسداران و بەسیجی ڕێژیمی ئێران و هەروەها کۆمپانیەیەکی بەرهەمهێنانی کەرەستەی دژە شۆڕشی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانی خستووەتە لیستی گەمارۆکانەوە.

وەزارەتی خەزێنەداری ئامریکا لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاند کە گەمارۆ نوێیەکانی ئامریکا بەرپرسانی باڵای سپای پاسداران و بەسیجی ڕێژیمی ئێران کە بەردەوام خەڵکی خۆپیشاندەر و ناڕازیی ئێران سەرکوت دەکەن کردووەتە ئامانج.
برایان نێلسۆن، جێگری وەزیری خەزێنەداری ئامریکا بۆ کاروباری تیڕۆریسم لەسەر ئەو گەمارۆگەلە وتی: سەرکوتی بێڕەحمانەی ڕێژیمی ئێران، کەڵک وەرگرتنی ئەو ڕێژیمە لە توندترین شێوەی توندوتیژی بەرانبەر بە خەڵکی ڕاپەڕیوی گەلانی ئێران کە تەنیا داوای مافەکانی خۆیان دەکەن، بە توندی مەحکووم دەکەین، بەردەوامین لەسەر سەپاندنی گەمارۆ بەسەر ئەو کەس و ڕێکخراوانەی ڕێژیمی ئێران کە خەڵکی ئێران سەرکوت دەکەن. 

وەزارەتی خەزێنەداری ئامریکا هەروەها لەبەیاننامەکەیدا ڕایگەیاند کە ئەو کەسانەی گەمارۆیان خراوەتەسەر بریتین لە "محەممەد کازمی" فەرماندەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، "عەباس نیلفروشان" جێگری عەمەلیاتی سپا، " محەممەد جەعفەر مونتەزری" دادستانی گشتی رێژیمی ئێران، "موسلێم موعین" بەرپرسی بەشی سایبێری بەسیج، "حوسێن مەعرووفی" جێگری ڕێکخراوی بەسیج، "حەسەن حەسەنزادە" فەرماندەی سپای تاران و "سەید سادق حوسێنی" فەرمەندەی هێزەکانی "بەیتولموقەدەس"ی سپای پاسدارانی ڕێژیم لە پارێزگای سنە و کۆمپانیای بەرهەمهێنانی کەرەستەکانی دژە شۆڕشی سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیم.