کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕووسیە: بڕیاری ئامریکا لەسەر ڕاگرتنی وتووێژەکانی بەرجام نابەرپرسانەیە

10:45 - 1 بەفرانبار 2722

ڕووسیە سەبارەت بە وتەکانی نوێنەری تایبەتی  ئامریکا لە کاروباری ڕێژیمی ئێران، لەسەر ڕاگرتنی وتووێژەکانی بەرنامەی ناوکیی ئەو ڕێژیمە، دژکردەوەی نیشان دا و ئەو کارەی بە هەڵوێستێکی نابەرپرسانە وەسف کرد.

میخاییل ئۆلیانۆف، نوێنەری وڵاتی ڕووسیە لە وتووێژەکانی بەرجام سەبارەت بە بڕیاری ئامریکا لەسەر ڕێککەوتنی بەرجام وتی، "ئامریکا ڕایگەیاندووە کە دانیشتی بەرجام ڕادەگرێت، بەڵام ئەو بڕیارە هەڵوێستێکی نابەرپرسانەیە".

هەروەها ئەو بەرپرسە باڵایەی ڕووسیە وتی، لە ئێستادا مەترسیی گرژییەکی زۆر بەهۆی خۆبواردنی ئامریکا لەسەر ڕاگرتنی دانیشتنی بەرجام لە ئارادایە.

ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی سەرماوەز، ڕابێرت ماڵی، نوێنەری تایبەتی ئامریکا بۆ کاروباری ڕێژیمی ئێران، سەبارەت بە دانیشتنی بەرجام لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێردا بڵاوی کردەوە "کە ڕێژیمی ئێران هەموو هەوڵەکانی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ناوکیی لەنێو بردووە و ئەو یەکەمین جار نییە کە بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە ڕێککەوتنێک کە هەموو وڵاتە زلهێزە جیهانییەکان لەسەری هاوڕان، پشتی تێ دەکات و لەنێوی دەبات".

هاوکات بەرپرسێکی دیکەی وڵاتی ئامریکا لە وتووێژ لەگەل هەواڵدەریی "ئەلعەڕەبییە" ڕایگەیاند، " لە ئێستادا ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران خاڵی سەرەکیی بۆ ئامریکا نییە بەڵکوو ئەوەی بۆ ئامریکا گرینگە، بە هیچ جۆرێک ڕێگە نەدەین ئەو ڕێژیمە دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگات".