کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەوی یەڵدای شۆڕشگێڕانەی گەلانی ئێران لە شەقامەکان

10:50 - 1 بەفرانبار 2722

خەڵکی ڕاپەڕیوی گەلانی ئێران بە تایبەتی لە کوردستان، لەدرێژترین شەوی ساڵدا، بە مەبەستی ناڕەزایەتیی دەربڕین و ڕێزگرتن لە گیانی شەهیدانی شۆڕشی ژینا ڕژانە سەر شەقامەکان و شەوی یەڵدایەکی شۆڕشگێڕانەیان تێپەڕاند.

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆ و هەواڵانەی کە بە دەستی ژووری ناوەندی هەواڵی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گەیشتووە، لاوانی شۆڕشگێڕی کوردستان و ئێران شەوی چوارشەممە ٣٠ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، لە درێژترین شەوی ساڵدا شەوی"یەڵدا" لە شارەکانی کوردستان بە تایبەتی لە سنە و سەقز و تاران ڕژانە سەر شەقامەکان و بە دروشمی برووخێ کۆماری پەت و سێدارە ڕووبەڕووی هێزە داگیرکەرەکان بوونەوە.

لە شاری سنە لاوانی شۆڕشگێر و بوێری ئەو شارە، شەوی ڕابردوو بە کردنەوەی ئاگر و داخستنی شەقامە سەرەکییەکانی شار و وتنەوەی سروودی شۆڕشگێڕانە، داوای ڕووخانی ڕێژیمی کۆنەپەرەستی ئاخوندییان کرد.

هاوکات لە شاری سەقز شاری" ژینا ئەمینی" لاوانی بوێر و ئازای کوردستان لەو شارە بەکردنەوەی ئاگر و داخستنی شەقامە سەرەکییەکانی نێو شار و هەروەها وتنەوەی دروشمی شەهید نامرێ و ڕێگەی شەهیدان درێژەی هەیە پێشوازییان لە شەوی یەڵدا کرد.

لە شاری تاران شەوی ڕابردوو لە چەندین گەڕەک و شەقامی ئەوە شارە خەڵکی ناڕازیی و ڕاپەڕیوی تاران بە نیشانەی ناڕەزایەتیی دەربڕین لە ئاست بەرپرسانی دەسەڵاتی ئاخوندی ڕێپێوان و خۆپیشاندانیان دروست کرد و لە گەڕەکی سەعادەت ئابادی تاران لاون بە کردنەوەی ئاگر و دروشمی مەرگ و نەمان بۆ دیکتاتۆر ڕووبەڕووی هێزەکانی ڕێژیم بوونەوە.