کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە سێدارەدانی ٨١ بەندکراوی بەلووچ لەلایەن ڕێژیمەوە لە ماوەی ١٢٠ڕۆژدا

12:12 - 1 بەفرانبار 2722

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی ١٢٠ڕۆژی ڕابردوودا، لانیکەم ٨١ی بەندکراوی خەڵکی بەلووچستانی لە سێدارە داوە.

ڕۆژی چوارشەممە، ٣٠ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، کۆمەڵەی مافی مرۆڤی "حال‌وەش" لە بەلووچستان ڕایگەیاند کە لە ماوەی ١٢٠ڕۆژی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەندیخانەکانیدا لانیکەم ٨١ بەندکراوی بەڵووچی لە سێدارە داوە و لەو بارەیەشەوە ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە مەترسیی جیددی لە سێدارەدانی بەندکراوان لە ئێران هۆشداریی توندی دا.
لە درێژەی ڕاپۆرتی مافی مرۆڤی "حال‌وەش"دا هاتووە کە ڕێژیمی ئێران لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ی زایینییەوە تا ئێستا ١٥١ هاووڵاتیی بەلووچی لە بەندیخانە جیاجیاکانی خۆی لە سێدارە داون و لە ماوەی سەرهەڵدانی شۆڕشی گەلانی ئێرانیش بەدژی کۆماری ئیسلامی دەستی لە هیچ کەس نەپاراستووە و  ٨١ بەندکراوی لە سێدارە داوە و ڕاستەوخۆش بە گولـلە لە شەقامەکاندا هاووڵاتیی ئاسایی کوشتووە، بۆیە دەبێ جیهان ئاگایان لە جینایەتەکانی ڕێژیمی ئێران هەبێت.