ڕه‌حمان سه‌لیمی
له ماوه‌ی سێ مانگی ڕابردوودا كه ڕاپه‌ڕینێكی شۆڕشگێڕانه‌ی بێوێنه له ئێران‌دا سه‌ری هه‌ڵداوه، كۆماری ئیسلامی هه‌موو هێز و توانای ماددی و یاسایی و پڕوپاگه‌نده‌یی خۆی بۆ سه‌ركوت و به‌لاڕێدابردنی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه خستۆته كار. ده‌سه‌ڵاتی نابه‌رپرسیار و سه‌ره‌ڕۆ نایهه‌وێ و ناتوانێ ده‌نگی ویست و داواكارییه‌كانی گه‌ل ببیسێت و ئامرازه‌كانی حوكمڕانی له‌پێناو متمانه‌به‌خشین بۆ گه‌ل به‌كار بێنێ، به‌ڵكوو له‌بری ئه‌وه، به سه‌پاندنی تێچووی گه‌وره‌ی مرۆیی و سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی، هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی بنه‌ڕه‌تی كێشه‌كان ده‌دا.
كۆماری ئیسلامی ته‌نیا بیر له درێژكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆی ده‌كاته‌وه و بێگومان به‌و ڕوانگه‌یه‌وه ناتوانێ زمانێكی تر جگه له زه‌بروزه‌نگ و سه‌ركوت به‌كار بێنێ. ڕێژیم له چه‌ند مانگی ڕابردوودا سه‌دان كه‌س له خۆپێشانده‌ران و ناڕازییانی له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان یان له به‌ندیخانه‌كان له‌ژێر ئەشكه‌نجه‌دا كوشتوه، به هه‌زاران كه‌سی ده‌سبه‌سه‌ر كردوه، سه‌رچاوه‌كانی زانیاریی سانسۆڕ كردووه، ئامرازه‌كانی په‌یوه‌ندیی فیلتێر كردووه و له ڕێگه‌ی جۆراوجۆره‌وه هه‌ڕه‌شه‌ی له چین و توێژه جیاوازه‌كان كردوه، هه‌روه‌ها هه‌وڵی داوه به قه‌یرانسازیی ده‌ره‌كی، سه‌رنجی بیروڕای گشتی له نێوخۆ و ده‌ره‌وه به لاڕێدا به‌رێ.
هه‌موو سیسته‌مێكی سیاسیی دیكتاتۆر و دژه‌خه‌ڵكی پێویستی به نمایشی هێزی ڕووت و به‌كارهێنانی توندوتیژییه بۆ پاراستنی خۆی، به‌شێوه‌یه‌ك كه ئه‌و هێزه له ده‌ره‌وه‌ی یاسا و پڕه‌نسیپه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدارێتیی باو، ده‌ستی ده‌زگای سه‌ركوت بۆ دروستكردنی ترس و دڵه‌ڕاوكێ له‌نێو خه‌ڵكدا ئاوه‌ڵا بكات. له‌و جۆره سیسته‌مانه‌دا، یاسا ناڕوون و ته‌فسیرهه‌ڵگره به‌تایبه‌ت یاسای سزادان، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌زگای دادوه‌ری بتوانێ له هه‌ر كاتێكدا به پێویستی بزانێ به ته‌فسیری فراوانی ده‌قه‌كانی یاسا هه‌ر حوكمێك بیه‌وێت به‌سه‌ر تۆمه‌تباردا بیسه‌پێنێت.
ده‌سه‌ڵاتدارانی تاران دوای ئه‌وه‌ی بێ‌هیوا بوون له بێده‌نگكردنی ده‌نگی مافخوازانه‌ی خه‌ڵك، له درێژه‌ی ڕه‌شه‌كوژیی لاوانی شۆڕشگێڕ‌دا ده‌ستیان دا‌وه‌ته به‌ڕێوه‌بردنی شانۆی به‌ناو دادگاییكردنی به‌ندكراوان و له‌سێداره‌دانیان. ئه‌و سیاسه‌ته داپڵۆسێنه‌رانه كه ڕێژیم له‌ژێر ناوی ئێعدام په‌یڕه‌وی ده‌كا و به تاوانی بێ‌بنه‌ما و به پێشێلكردنی سه‌رجه‌م په‌یماننامه و ڕێسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و ته‌نانه‌ت یاسا نێوخۆییه‌كان، لاوانی خۆڕاگری ئێرانی پێ له‌ناو ده‌با، بریتیه له ڕه‌شه‌كوژیی حكوومه‌تی نه‌ك ئێعدام وه‌ك چه‌مكێكی یاسایی.
ئێعدام وه‌ك تاقه پاساوی قانوونی بۆ كوشتن، له به‌شێك له وڵاتانی جیهاندا به‌ڕێوه‌ده‌چێ. ئێران یه‌كێك له‌و وڵاتانه‌یه كه دوای وڵاتی چین زیاترین ئێعدامی تێدا جێبه‌جێ ده‌كرێت. كۆمه‌ڵێك ڕێككه‌وتننامه و به‌ڵگه‌نامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی په‌سند كراون كه پابه‌ندی بۆ وڵاتان دروست ده‌كه‌ن كه یان له بنه‌ڕه‌تدا ئێعدام له یاساكانیان بسڕنه‌وه، یان زۆر سنوورداری بكه‌ن و ته‌نیا بۆ جیددیترین تاوانه‌كان جێبه‌جێی بكه‌ن. جیددیترین تاوانه‌كانیش به‌پێی به‌ڵگه‌نامه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ته‌نیا كاتێك دێته‌دی كه تاوانی كوشتن ڕوویدابێ، جگه له‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك مه‌رجی دیكه‌ش ده‌بێ بێنه‌دی.
له مادده‌ی ٦ به‌ندی ٢ی میساقی نێوده‌وڵه‌تیی مافه مه‌ده‌نی و سیاسییه‌كاندا هاتووه: "له‌و وڵاتانه‌ی كه سزای ئێعدام قه‌ده‌غه نه‌كراوه، جێبه‌جێ كردنی ئه‌و سزایه ته‌نیا له‌و كاته‌دا ڕه‌وایه كه جیددیترین تاوانه‌كان به‌پێی یاسای پابه‌ندكار له‌كاتی ئه‌نجامدانی تاوان ڕوویان دابێ، كه ئه‌ویش نابێ دژایه‌تی هه‌بێ له‌گه‌ڵ ڕێساكانی ئه‌و كۆنڤانسیۆنه و هه‌روه‌ها ئه‌و میساقانه‌ی كه سه‌باره‌ت به ڕێگرتن و سزادانی تاوانی ژینۆساید په‌سندكراون. جێبه‌جێ كردنی ئه‌و سزایه ته‌نیا ئه‌و كاته ڕه‌وایه كه به‌پێی حوكمی قه‌تعی یان بنبڕ ده‌رچوو بێ له دادگایه‌كی ساڵح."
هه‌روه‌ها كۆمیسیۆنی مافه‌كانی مرۆڤی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له شیكردنه‌وه‌ی به‌ندی ٢ی مادده‌ی ٦ی میساقی مافه مه‌ده‌نی و سیاسییه‌كاندا جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه كردۆته‌وه كه بابه‌تی جیددیترین تاوانه‌كان، ته‌نیا ئه‌و تاوانانه له‌خۆ ده‌گرێ كه بریتین له تاوانی زۆر قورسی كوشتنی به‌ئه‌نقه‌ست.
له لایه‌كی دیكه‌وه مادده‌ی ٧ی میساقی مافه مه‌ده‌نی و سیاسییه‌كان، ئه‌شكه‌نجه و سزای بێڕه‌حمانه، سووكایه‌تی‌پێكه‌ر و دژه‌مرۆیی قه‌ده‌غه ده‌كا و هه‌روه‌ها مادده‌ی ١٤ باس له به‌ڕێوه‌چوونی دادگایی عادڵانه و ڕێوشوێنی عادڵانه‌ی دادوه‌ری ده‌كا و جه‌خت له‌سه‌ر سیسته‌می دادوه‌ریی بێلایه‌ن، ده‌سڕاگه‌یشتن به پارێزه‌ر و دادڕه‌سی عادڵانه ده‌كا كه تێیدا تۆمه‌تباران ناچار نه‌بن دژی خۆیان شاهیدی بده‌ن.
ئێران ئه‌و كۆنڤانسیۆنه‌ی بەبێ مه‌رج واژۆ كردووه و له‌سه‌ریه‌تی پابه‌ند بێ به نێوه‌ڕۆكه‌كه‌ی. له‌كاتێكدا به چاوخشاندنێكی سه‌رپێیی ده‌رده‌كه‌وێ كه كۆماری ئیسلامی پابه‌ند به‌و ڕێسایانه نییه و پێشێلكاری گه‌وره‌ی ئه‌و پڕه‌نسیپانه‌یه كه له په‌سندكراوه‌كانی تایبه‌ت به پاراستنی مافی مرۆڤدا واژۆی كردوون.
تۆمەتی زۆربه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌و ماوه‌یه‌دا له په‌راوێزی خۆپێشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌كاندا حوكمی ئێعدام‌یان به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه یان ئێعدام كراون بریتییه له "محاربه". له‌ڕاستیدا هه‌ر له سه‌ره‌تای هاتنه‌سه‌ر كاری ئه‌و ڕێژیمه‌وه "محاربه"، "افساد فی الارض" و به‌م دواییانه "بغی" پاساوی له‌نێوبردنی جیابیران و نه‌یارانی ده‌سه‌ڵات بووه. له‌لایه‌كی دیكه‌وه ده‌قی یاسای سزادانی ئیسلامی له‌سه‌ر ئه‌و تاوانانه زۆر ناڕوون و ته‌فسیرهه‌ڵگره و ده‌سه‌ڵاتێكی زۆر ده‌دا به قازی له‌سه‌ر بڕیاردان له‌سه‌ر تاوانه‌كان و حوكمه‌كه‌یان، كه ئه‌وه پێچه‌وانه‌ی بنه‌ما چه‌سپێنراوه‌كانی یاسای سزادان له هه‌موو وڵاتانی پێشكه‌وتوویه كه په‌یڕه‌وی له ڕێسای "تاوان و سزا ده‌بێ پشت به ده‌ق ببه‌ستن" ده‌كه‌ن. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ڕێوشوێنه‌كانی دادگاییكردن وه‌ك مافێكی سه‌لمێنراوی تۆمه‌تبار هه‌ر له ده‌سبه‌سه‌ر كردنه‌وه بگره تا ئازادیی دیاریكردنی پارێزه‌ر، تانه‌دان له حوكم و به شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌موو قۆناغه‌كانی دادگایی پێشێل كراون، تاوانی محاربه به‌پێی یاسای سزادانی ئیسلامی له هیچكام له حوكمدراواندا نه‌هاتۆته دی. له لایه‌كی دیكه‌وه قازی به‌پێی یاسا سه‌رپشك كراوه له ده‌ركردنی حوكم له نێو چوار جۆر سزادا كه له‌و یاسایه‌دا هاتوه، كه ئێعدام یه‌كێكه له‌و سزایانه.
كۆماری ئیسلامی سزای ئێعدام نه‌ك به ئامانجی پاراستنی ئه‌منیه‌ت و ئاسایشی كۆمه‌ڵگە –كه فه‌لسه‌فه‌ی یاسای سزادانه- به‌ڵكوو به مه‌به‌ستی ترساندنی خه‌ڵك، كۆنتڕۆڵی كۆمه‌ڵگە و پاراستنی ده‌سه‌ڵات كه‌ڵك وه‌رده‌گرێ.
له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه ناسه‌قامگیریی سیاسی، ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی له نێوخۆی ئێران به‌تایبه‌ت له چه‌ند مانگی ڕابردوودا و هه‌روه‌ها دۆخی شپرزه‌ی ڕێژیم له كۆڕ‌و كۆمه‌ڵه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا ده‌رخه‌ری ئه‌و واقعییه‌ته‌یه كه كۆماری ئیسلامی له‌ڕووی نێوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌وه له‌گه‌ڵ قه‌یرانی مه‌شرووعیه‌ت به‌ره‌وڕوویه، به‌و پێیه نه دامه‌زراوه فه‌رمییه‌كانی و نه یاسا په‌سندكراوه‌كانی مه‌شرووع نین. كه‌واته ڕوونه حوكمی ئێعدام له ئێران‌دا له كوشتنی یاساییه‌وه گۆڕاوه بۆ كوشتاری ده‌وڵه‌تی. ئه‌و كوشتنه‌ش به ئامانجی خوڵقاندنی ترس و دڵه‌ڕاوكێیه له كۆمه‌ڵگەدا، كه ئه‌وه‌ش ڕاسته‌وخۆ پێناسه‌ی تیرۆره. كه‌واته گه‌لانی ئێران خه‌بات ده‌كه‌ن دژی تیرۆر، خه‌باتێك كه خه‌ریكه ڕه‌واییه‌تی نێوده‌وڵه‌تی وه‌رده‌گرێت و ڕۆژبه‌ڕۆژ زیاتر سۆزی نێوده‌وڵه‌تی به‌ره‌و خۆی ڕاده‌كێشێت. به‌جۆرێك كه به‌رده‌وام بوون و شێلگیربوونی خه‌ڵك له‌و خه‌باته به‌ره‌به‌ره كاریگه‌ری له‌سه‌ر ڕای گشتیی نێوده‌وڵه‌تی و ناوه‌نده بڕیاربه‌ده‌سته‌كان داناوه. تا ئه‌و جێگایه‌ی كه هێماكانی ئه‌و ڕاپه‌ڕینه بوونه‌ته هێمای جیهانی و له‌لایه‌ن هه‌موو گه‌لانه‌وه ڕێزیان لێ ده‌گیرێ.
به‌رده‌وام‌بوونی ئه‌و دۆخه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به سروشتی ده‌سه‌ڵاته‌وه هه‌یه له هه‌مان كاتدا كۆمه‌ڵێك هۆكاری نێوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی یارمه‌تیی ئه‌و دۆخه ده‌ده‌ن. له لایه‌كی دیكه‌وه مكوڕبوونی گه‌لانی ئێران له‌سه‌ر تێپه‌ڕین له كۆماری ئیسلامی كۆمه‌ڵێك لێكه‌وته‌ی گرینگی لێكه‌وتۆته‌وه. یه‌كێك له‌و لێكه‌وتانه سه‌رنجدانی ڕای گشتیی نێوده‌وڵه‌تی و ته‌نانه‌ت ده‌وڵه‌تانی ڕۆژئاوایه له‌سه‌ر حوكمی ئێعدامی گیراوانی سیاسی. دیارده‌ی كه‌فاله‌تی سیاسی له ڕۆژانی ڕابردوودا بۆته ڕۆژه‌ڤی كۆڕ‌و كۆمه‌ڵه مرۆڤدۆسته‌كان و به‌تایبه‌ت پارله‌مانه‌كانی وڵاتانی ڕۆژئاوا. به‌جۆرێك كه ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له به‌ندكراوانی حوكمدراو به سزای ئێعدام، له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتارانی وڵاتانی ئورووپایی كه‌وتوونه‌ته ژێر چه‌تری كه‌فاله‌تی سیاسی.
كه‌فاله‌تی سیاسی پێچه‌وانه‌ی ناوه‌كه‌ی چه‌مكێكی سیاسی – قه‌زایی نییه و كه‌فیلی سیاسی ناتوانێ نه‌خشی پارێزه‌ری یاسایی پێ بدرێ، به‌ڵكوو چه‌مكێكی سیاسی – یاسایی و له هه‌مان كاتدا ئه‌خلاقییه كه تێیدا كه‌فیلی سیاسی له پێگه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیی خۆی بۆ سه‌رنجڕاكێشانی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر حوكمی سزادراو ده‌ور ده‌بینێ. هه‌رچه‌ند كه‌فیلی سیاسی ناتوانێ ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ری له‌سه‌ر دۆخی سزادراو دروست بكا به‌ڵام فشاری سیاسی و دیپلۆماسی ده‌خاته سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی و تێچووی جێبه‌جێ‌كردنی حوكمه‌كه ده‌باته سه‌رێ. له لایه‌كی دیكه‌وه ده‌ركه‌وتنی دیارده‌ی كه‌فیلی سیاسی بۆ حوكمدراوانی سیاسیی ئێران، ئاماژه‌یه بۆ ڕه‌واییه‌تی ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵك له‌به‌رده‌م ڕای گشتیی نێوده‌وڵه‌تی و له هه‌مان كاتدا پێشێلكاریی به‌ربڵاوی مافه‌كانی مرۆڤ له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه. ئه‌وه‌ش بێگومان یه‌كێكه له ده‌سكه‌وته‌كانی شۆڕشی ژینا كه زیاتر له سێ مانگه به‌رده‌وام و داهێنه‌رانه له هه‌موو مه‌یدانه‌كاندا به‌رده‌وامه. كوشتاری حكوومه‌تی نه ته‌نیا نه‌یتوانیوه و ناتوانێ به‌ر له خرۆشانی جه‌ماوه‌ری بگرێ، به‌پێچه‌وانه‌وه ئاگری تووڕه‌یی خه‌ڵك له ڕیژیمی تاوانبار و دژه ژن و دژه ژیان و دژه ئازادیی گه‌لانی ئێران بڵێسه‌دارتر ده‌كا.
ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٧ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.