پۆلیتیکۆ – ماتیو کارنیشنیگ/ و لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەنپوور
بەرلین- لە ئێوارەیەکی گەرمی سێپتەمبەری ساڵی ڕابردوودا، پیاوێکی ئازەریی هەڵگری پاسپۆرتی ڕووسیەیی لە سنووری باکووری قوبرس بۆ باشووری قوبرس پەڕیەوە. ئەو بە سووکی سەفەری دەکرد: دەمانچەیەک، مشتێک فیشەک و دەنگبڕێک. قەرار بوو ئەوە هەڵمەتێکی بێخەوش بێ.
پاشان، دروست ئەوکاتەی پیاوەکە خەریکی چوونەژوور بۆ شوێنێکی بەکرێدانی ئوتومبێل بوو تا مەئمورییەتەکەی جێبەجێ بکات، کە داواکارانی گشتی دەڵێن بۆ کوشتنی پێنج بازرگانی جوولەکە، لە نێویاندا میلیاردێرێکی ئیسڕائیلی بوو، پۆلیس دەورەیان دا.
هەڵمەتە ناسەرکەوتوویەکە تەنیا یەکێک لە لانی کەم دەرزەنێکن لە ئورووپا لەو ساڵانەی دواییدا، بەشێکیان سەرکەوتوو بوون، هێندیکیان نا، کە بە گوتەی کاربەدەستە ئەمنییەتییەکان ئامانجی "نەرم" بوون، کە کوشتن، ڕفاندن یان هەردووکیان دەگرنە خۆ. ئۆپەراسیۆنەکان لە ڕووی چەمکیەوە بە شێوەیەکی بەرفراوان هاوشێوە بوون، بە شێوەیەکی گشتی پشت بە چەکی بەکرێگیراوی نێوخۆیی دەبەستن. کاربەدەستانی هەواڵگریی دەڵێن، گرینگترین پەیوەندییەکە، ئەوەیە کە هێرشەکان لەلایەن هەمان بەڵێندەرەوە ڕاسپێردرابوون: کۆماری ئیسلامیی ئێران.
لە قوبرس، کاربەدەستان پێیان وایە ئێران کە ئیسڕائیل بە کوشتنی پسپۆڕە ناوکییەکانی چالاک لە بەرنامەی ناوکی ئەو وڵاتە تاوانبار دەکات، هەوڵی داوە ئەو پەیامە بگەیەنێ کە دەتوانێ لە شوێنێک هێرش بکاتەوە کە ئیسڕائیل کەمترین چاوەڕوانیی هەیە.
دەیڤید بارنیا، سەرۆکی ئاژانسی هەواڵگریی ئیسڕائیل، موساد، لە لێدوانێکی گشتی دەگمەندا لە سێپتەمبەر گوتی، "ئەوە ڕێژیمێکە کە دەسەڵاتەکەی لەسەر ترساندن و توندوتیژی دامەزراندووە و توندوتیژی وەک ئامرازێکی ڕەوا سەیر دەکات." ناوبراو لە شیکردنەوەی لێدوانەکەیدا گوتی پیلانی توندوتیژانە لەو دواییانەدا زیادیان کردووە، "ئەوە لە گۆترە نین. ئەوانە تێرۆریزمی دەوڵەتیی پلانبۆداڕێژراو و سیستەماتیکن، تێرۆریزمی ستراتێژیک."
ئەو ئاماژەی بە وردەکارییەکی گرینگ نەکرد: ئەو کار دەکات. ئەو سەرکەوتووییە تا ڕادەیەکی زۆر لەبەر ترسی ئورووپا، گۆڕەپانی جێبەجێکردنی زۆربەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئێرانی لەو ساڵانەی دواییدا، لە ناچارکردنی ئێران بۆ وەئەستۆگرتنی تاوانەکان بووە. کاربەدەستانی ئەمنییەتی دەڵێن لە ٢٠١۵ بەولاوە، ئێران نزیکەی دەرزەنێک عەمەلیاتی لە ئورووپا بەڕێوە بردوون، کە لەواندا لانی کەم سێ کەسی کوشتووە و چەند کەسی دیکەشی ڕفاندووە.
مەسیح عەلینژاد، نووسەری ئێرانی-ئەمریکایی و چالاکی مافەکانی ژنان، بە تیشک خستنەسەر ئامادەیی بەردەوامی ڕێبەرانی دەوڵەتانی ئورووپا بۆ دیدار لەگەڵ سەرکردەکانی ئێران گوتی، ئورووپاییەکان تەنیا بەرانبەر بە ئێران نەرم ونیان نەبوون، ئەوان لەگەڵیان هەوکارییان کردووە و ڕەواییشیان بە بکوژەکان داوە."
عەلینژاد، یەکێک لە ڕاشکاوترین ڕخنەگرانی ڕیژیم، کە بە زەحمەت لە هەردوو هەوڵەکانی بارمتەگیران و کوژران ڕزگاریی بوو، لە زۆر کەس باشتر لەوە تێدەگا کە ڕێبەریی ئێران ئامادەیە دەست بۆ چ کارهایەک ببات. ئەو گوتی، "ئەگەر کۆماری ئیسلامی سزا نەدرێ، هیچ هۆیەکیان هەیە دەست لە بارمتەگرتن، ڕفاندن یان کوشتن هەڵگرن؟" پاشان وەڵامی دایەوە: "نا."
شێوازی یەکەم ڕێگاچارە
لەو کاتەوە کە بروتوس و هاوپیلانگێڕەکانی جولیوس سێزاریان هەنجن هەنجن کرد، کوشتن تیژترین ئامرازی سندووقی ئامرازەکانی سیاسەت بووە. بەدرێژایی هەزاران ساڵ، ئاشکرا بووە کە ئەوە کارێکی پڕ مەترسییە کە زۆر جار دەبێتە هۆی ئاسەواری نەخوازراوی کارەساتبار (بڕوانە کوشتنی ئیمپراتوری ڕۆم سەزار یان ئورووپا دوای تێرۆری شازادەی مەزن فرانتز فەردیناند لە سارایەڤۆ). لەگەڵ ئەوەشدا، هەم بۆ دەوڵەتی بێ پڕەنسیپی وەک ئێران، ڕووسیە و کۆرەی باکوور و، وڵاتانی دێموکراتیک وەک وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسڕائیل، سەرنجڕاکێشیی چارەسەرکردنی کێشەیەک بە لابردنی ئەو زۆر جار هێندە زۆرە کە ناکرێ خۆی لێ ببوێری.
تەنانەت بەو شێوەیەش، جیاوازییەکی بنەڕەتی لەنێوان ئەو دوو بەرەیەدا هەیە: لە خۆراوا، کوشتن دوایین ڕێگاچارەیە (بیر لە ئوسامە بین لادن بکەرەوە)؛ لە وڵاتانی دیکتاتۆردا، ئەو یەکەمینە (کێ دەتوانێ کوشتنی ٢٠١٧ ی کیم جونگنام زڕبرای دیکتاتۆری کۆرەی باکوور، کیم یونگ ئون، بە گازی دەمار لە کاتی دابەزین لە کوالالامپور لەبیر بکات؟). بۆ دەوڵەتانی بێپڕەنسیپ، تەنانەت بێتوو پیلانی کوشتنەکان پووچەڵ بکرێنەوە، ڕێژێمەکان هێشتا بە چاندنی ترس لە دڵ و مێشکی دوژمنەکانیاندا، براوەن.
ئەوە بۆ شیکردنەوەی ڕێژەی ئەو جۆرە ڕووداوانە لەو دواییانەدا یارمەتیدەرە. لە ماوەی چەند مانگی ساڵی ڕابردوودا، ئێران هێرشێکی زۆری لە ئەمریکای لاتینەوە تا ئەفریقا بەڕێوە بردن. لە کۆلۆمبیا، پۆلیس دوو پیاوی لە بۆگۆتا بە گومانی داڕشتنی پیلانی کوشتنی تاقمێک ئەمریکایی و ئەفسەرێکی پێشووی هەواڵگریی ئیسڕائیل بۆ ١٠٠ هەزار دۆلار، دەستگیر کرد؛ شانۆیەکی هاوشێوە لە ئەفریقا قەوما، کاتێک کاربەدەستان لە تانزانیا، غەنا و سێنێگال پێنج پیاویان بە گومانی پلاندانان بۆ هێرش بۆ سەر ئامانجی ئیسڕائیلی، لە نێویاندا توریست لە سەفاری دەستبەسەر کردن؛ لە فێورییەی ئەمساڵ، پۆلیسی تورکیە پیلانێکی ئاڵۆزی ئێرانی بۆ کوشتنی کەسێکی ٧۵ ساڵەی ئیسڕائیلی-تورکیەیی کە کۆمپانیایەکی نێوخۆیی فڕۆکەوانی هەیە هەڵوەشاند و؛ لە نۆڤەمبەر، کاربەدەستان لە گورجستان گوتیان پیلانێکیان کە لەلایەن سوپای قودسی ئێران بۆ کوشتنی بازرگانێکی ٦٢ ساڵەی ئیسڕائیلی-گورجستانییان لە تفلیس ئامادە کرابوو، پووچەڵ کردۆتەوە.
ئەو جۆرە ئۆپەراسیۆنانە سەرکەون یان نا، وڵاتی پشتی ئۆپەراسیۆنەکان دەتوانن لە شتێک دڵنیا بن: ئەوان ناچار ناکرێن تێچووی هەوڵدانیان وەئەستۆ بگرن. بە تێپەڕبوونی ساڵان، ڕێژیمەکانی ڕووسیە و ئێران ڕێژەیەکی لە ئەژمار نەهاتووی ناڕازییان، خیانەتکاران و دوژمنی جۆراجۆریان (ڕاستەقینە و گومانکراو) لە شەقامەکانی پاریس، بەرلین و تەنانەت واشینگتۆن، زۆر جار بە ڕۆژی ڕووناک، لەنێو بردوون. بەشێکی دیکە بە بێدەنگی ڕفێنراون و نێردراونەوە ماڵ، لەوێ بەرەوڕووی دادگایی ساختەبوونەوە و پاشان بە بیانووی خیانەت لە سێدارە دراون.
ئەگەرچی ڕەخنەی ڕۆژاوا لەبەر ئەو تاوانانە کەم نەبووە، زۆر بەدەگمەن دەرئەنجامی ڕاستەقینەیان هەبووە. ئەوە بە تایبەتی بۆ ئورووپا ڕاستە، شوێنێک کە ڕێبەران لە ڕووبەرووبوونەوە لەگەڵ پێشێلکاریی جۆراجۆر بە هیوای ژیاندنەوەی ڕێککەوتنێک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بەرنامەی چەکی ناوکی ئێران و بووژاندنەوەی پەیوەندییە بازرگانییەکان، دیزەبەدەرخۆنەیان کردوون.
بە پێچەوانەی وڵاتە یەکگرتووەکان و ئیسڕائیل، کە هەڵوێستێکی توندیان لە سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنی مەلاکان لە ١٩٧٩ گرتە بەر، ئورووپا بۆ ڕێژیم ئاواڵاتر بووە. زۆرێک لە کاربەدەستانی یەکیەتیی ئورووپا تووڕەیی خۆیان لە هەڵوێستی توندی ئەمریکا بەرانبەر بە ئێران ناشارنەوە.
سەرۆکی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا، جۆزێف بۆرێل، لە ٢٠١٩ ، کاتێک هێشتا وەزیری کاروباری دەرەوەی ئیسپانیا بوو بە پۆلیتیکۆی گوت، " ئیران دەیهەوێ ئیسڕائیل لەنێو بەرێ، ئەوە شتێکی نوێ نییە. ئێوە دەبێ لەگەڵیدا بژین."
مێژووی تێرۆر
خۆشەویستیی ئێران بۆ تێرۆر شتێکی نوێ نییە. بەڕاستی، گەلێک زانا شوێنپێی وشەی "assassin=بکوژ" دەگێڕنەوە بۆ حەسەن سەباح، میسیۆنەرێکی پارسی سەدەی ١٢ی زایینی کە "ڕێبازی حەشاشین"ی دامەزراند، هێزێکی دڕندە کە بە کوشتنی بێدەنگی دژبەرانی ناسراوە.
ڕوحی حەسەن لە ئایەتوڵڵا خومەینی، مەلای توندئاژۆیەکە کە شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانی ڕێبەریی کرد و لە ١٩٧٩ دەسەڵاتی بەدەستەوە گرت، دەژیا. لە یەکەمین قوربانییانی ڕێبەری گەورە شەهریار شەفیق، کاپیتانێکی پێشووی هێزی دەریایی و خوشکەزای شای دەرکراوی ئێران بوو. ئەو لە دێسەمبەری ١٩٧٩ لە لایەن دوو کەسی دەمامکدارەوە، لە دەرەوەی ماڵی دایکی لە شەقامی پەرگۆلێز، لە ناوچەی مودێڕنی ئارۆندیسمۆن، دوو فیشەک لە سەری درا. لە ساڵەکانی دواتر، کۆماندۆکانی مەرگی ئێرانی ئەندامان و لایەنگرانی شا و دژبەرەکانی دیکەیان لە سەرانسەری ئورووپا، لە فەڕانسەوە تا سوید، ئاڵمان، سویس و ئوتریش، کوشت. لە زۆربەی ئەو ڕووداوانەدا، بکەرەکان قەت نەگیران.
بۆ وێنە، لە ١٩٨٩، عەبدولڕەحمان قاسملو، ڕێبەرێکی کوردەکانی کەمینە نەتەوەی ئێران کە پشتگیریی لە خودموختاری بۆ گەلەکەی دەکرد، دەگەڵ دوو هاوکاری دیکەی لەلایەن بکوژانی ئێرانی لە ئاپارتمانێکدا لە ڤییەن کوژرا. چەکدارەکان خۆیان لە باڵوێزخانەی ئێران حەشار دا. ئەوان پاش ئەوەی باڵوێزی ئێران لە ڤییەن بە دەوڵەتی گوت ئەگەر بکوژەکان دەستگیر بکرێن، مەترسی ئەوە هەیە هاووڵاتیانی ئوتریشی لە وڵاتەکەیاندا گیانیان لە مەترسی بکەوێ، ڕێگایان پێ درا ئوتریش جێ بهێڵن. یەکێک لەو پیاوانەی کە گوایە لە ئۆپەراسیۆنی ڤییەندا بەشدار بووە، دواتر بوو بە یەکێک لە دیارترین کەسایەتییەکانی وڵاتەکەی: مەحموود ئەحمەدینژاد، سەرکۆماری ئێران لە ٢٠٠۵ تا ٢٠١٣.
تەنانەت بانگەشە خراپەکانی دەوروبەری ئەو کەیسەش، هەوڵەکانی کوشتنی ڕێژیمی کەم نەکردەوە. لە ساڵەکانی دواتردا، ڕێژەی کوژراوەکان تەنیا زیاتر بوو. هێندێک لە کوشتنەکان بەئانقەست ترسناک بوون تا پەیامێکی ئاشکرا بنێرن. بۆ وێنە، فەرەیدون فەڕوخزاد، ئەستێرەیەکی موسیقای پاپ، بە ڕەچەڵەک ئێرانی کە لە تاراوگە و لە ئاڵمان دەژیا لە ١٩٩٢ لە بۆن بە کوژراوی دۆزرایەوە. بکوژەکان ئەندامی نێرینە، زمان و سەریان بڕیبوونەوە.
کوشتنی ناوبراو تەنیا یەکێک لە دەرزەنێک بوون کە لە ئێران بە "کوشتنی زنجیرەیی" ناسراوە، هەڵمەتێکی دە ساڵەی کوشتن کە لەویدا دەوڵەت هونەرمەند و ناڕازییانی لە ناوخۆ و دەرەوە کردە ئامانج. ناڕەزایەتیی گشتی لەبەر کوشتنی سێ نووسەری بەناوبانگ لە ١٩٩٨، لە نێویاندا ژن و مێردێک ، توندڕەوەکانی ڕێژیمی بەرپرسی کوشتنەکانی ناچار کرد پاشەکشە بکەن. بەڵام تەنیا بۆ ماوەیەک.
ئەوکاتی و ئێستاش هاندەری عەقڵانی بۆ کوشتنی لەو جۆرە، پاراستنی خۆیان بووە. سەرچاوەیەکی هەواڵگریی ڕۆژاوایی گوتی، "بەرزترین پێشتریەتی بۆ ڕیژیمی ئێران هێمنیی نێوخۆییە. ڕێژیم دژبەرەکانی لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێران وەک هەڕەشەی مەزن بۆ سەقامگیریی خۆی سەیر دەکات."
بەشێکی زۆری ئەو پارانۆیایە ڕیشەی لە مێژووی خودی کۆماری ئسیلامیدایە. بەر لە گەڕانەوە بۆ ئێران لە ١٩٧٩، خومەینی ١۵ ساڵی لە تاراوگە تێپەڕ کرد، لە نێویاندا لە پاریس، ئەزموونێک کە هێزی تاراوگەی لە میتۆلۆژی کۆماری ئیسلامیدا چەسپاند. بە واتایەکی دیکە، ئەگەر خومەینی توانی شۆڕشێک لە دەرەوە ڕا بەرێوە ببات، دوژمنەکانی ڕێژیمیش دەتوانن.
(درێژەی هەیە...)
ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٧ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.