
نیشتمان و نەتەوە لە ئاوێنەی بیرکردنەوەی جەلیل گادانیدا
حەسەن شەڕەفی
چەند ناخۆش و بەژانە کە ئاماژە بە ژیان و تێکۆشانی تێکۆشەرێکی ناسراوی نەتەوەکەمان کاک جەلیل گادانی بکەی کە لە ڕەوتی دەیان ساڵ خەبات و تێکۆشاندا چەندین جار پیلانی دوژمنان و مەترسیی گیان لەدەستدان ڕووی تێکردبێ و گیانی بە سڵامەت دەرکردبێ، بەڵام بەهۆی دوژمنێکی وردیلەی نەبینراو وەک ویرووسی کۆرۆناوە ماڵئاوایی یەکجارەکی لێکردبین. لەوەش دژوارتر ئەوەیەکە کۆی ڕابردووی تێکۆشان و ساڵانی خەباتی بەڕێزیان و تایبەتمەندییەکانی ژیان و کەسایەتییەکەی لە چەند دێڕێک یا لاپەڕەیەکدا کورت بکەیەوە کە نە شیاوی ئەم ڕابردوویە و نە تایبەتمەندییە کەسایەتییەکانیەتی و نە ڕەزامەندیی دەروونی خۆشت پێکدێنێ. بەوحاڵەش بەکورتی ئاماژە بە کەسایەتی سیاسی تێکۆشەری ناسراوی نەتەوەکەمان کاک جەلیل گادانی و کۆمەڵایەتیی بوون و خەمخۆری خەڵک بوون و پڕ جووڵەبوونی دەکەم.
باری نیشتمانی و کوردپەروەریی کاک جەلیل
کاک جەلیل گادانی لە تەمەنی مێرمنداڵیدا لە قوتابخانەکانی کوردیی سەردەمی کۆماری کوردستاندا بە خوێندنی کوردی ڕاهات و هەست و بیری کوردایەتی و نیشتمانپەروەری لەدڵ و مێشکیدا جێی گرت.
لە ساڵانی پاش جوانەمەرگکردنی کۆماردا بەردەوام هەڵوەدای بیری نیشتمانی و کوردپەروەرییەکەی خۆی بوو و هەر بەو هۆیەش لەژێر چاوەدێری و تاقیبی دەزگا پۆلیسییەکانی ڕێژیمی پاشایەتیدا بوو. بەمحاڵەش تەمەنی لاویی خۆی بۆ گەڕان بە ئاواییەکانی ناوچەی موکریاندا تەرخان کرد کە هەم خۆی حەشاردابێ و هەم خزمەتی بە بووژانەوەی ڕێکخراوەکانی حیزب لە ئاواییەکان کردبێ.
بەردەوام بوونی کاک جەلیل گادانی لە کاری حیزبی و ئەرکی نەتەوەییدا چەندجار ڕێگای بەندیخانەی خستە بەر کە هەرجارە و پاش ئازادبوون بۆ چالاکی نواندن لەپێناو باوەڕەکانیدا تێهەڵدەچۆوە.
بە ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی و ئاشکرابوونی تێکۆشانی حیزب کاک جەلیل ئەمجارە بە گوڕوتینێکی زیاترەوە لە خزمەت حیزبی دێموکرات و ئامانجەکانیدا تێکۆشا و وەک ئەندامێکی ڕێبەرایەتیی حیزب ئەرکە پێ ئەسپێردراوەکانی لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان بە ئەنجام دەگەیاند و کەم ئۆرگانی حیزب هەبوون کە کاک جەلیل کاری تێیدا نەکردبن.
کاک جەلیل گادانی لەڕەوتی چالاکی نواندنەکانی حیزبدا بە یەکێک لە ماندوویی نەناسەکانی ئەندامانی ڕێبەری حیزب دەناسرا.
کاک جەلیل وەک کەسایەتیی کۆمەڵایەتی
ئەوەی کاک جەلیلی لە بەشێک لە هاوڕێکانی جیا دەکردەوە کۆمەڵایەتیبوونەکەی بوو، کاک جەلیل باوەڕی وابوو کە پێویستە بە خەم و ئازارەکانی خەڵکەکەیەوە بێ، بۆیە لەسەردانی دۆستان و هاوڕێیانیدا پێش هەنگاو بوو. کەم بریندار و نەخۆش لە ڕیزی تێکۆشەرانی حیزبدا هەبوون کە کاک جەلیلیان لە نەخۆشخانە یا لە ماڵ یا لە بنکەکانی حیزبدا لەبان سەری خۆی نەدیبێ.
زێدە کۆمەڵایەتی بوونی کاک جەلیل وایکردبوو کە لە ڕەوتی کاری حیزبییشدا لە چوارچێوەی کومسیۆنی کۆمەڵایەتیدا گرینگییەکی تەواو بدا بە دروستکردنی ڕێگاوبان، نەخۆشخانە، کردنەوە و سەرپەرەستی کردنی قوتابخانەکانی شۆڕش و... .
کاک جەلیل پێش ڕووخانی ڕێژیمیش ئۆگرییەکی زۆری بە کاروباری خزمەتە کۆمەڵایەتییەکان هەبوو. بۆ نموونە جارێک پاش ئازادبوونی لە زیندان و گەڕانەوە بۆ مەهاباد یەکەم کارێکی کردی کردنەوەی " کوودەکستان" بۆ ئەو منداڵانە بوو کە تەمەنیان نەگەیبووە چوون بۆ قوتابخانە. ئەو داهێنانەی کاک جەلیل بۆ یەکەم جار لە شاری مەهاباد دەنگدانەوەی زۆری هەبوو، ئێمە مانانیش بۆ پێشوازی لەو داهێنانەی کاک جەلیل منداڵەکانی خۆمانمان لەو کوودەکستانە دانا.
بیرەوەریی منداڵەکانی ئەو سەردەمی ئەو کوودەکستانە کە ئێستا خاوەن تەمەنن بە زیندوویی ماوەتەوە.
ماندوویی نەناسی، لەسەرپێ بوون و بە گوڕبوونی
ئەو هاوڕێیانەی لە مەئموورییەتەکانی حیزبیدا لەگەڵی بوون، سەرەڕای ئەوەی زۆر لە کاک جەلیل کەم تەمەنتر بوون لەگەڵیان دەرنەدەبرد. دەڵێن ڕۆژی وابوو چەند ئاوایی و لە ناوچەیەکڕا بۆ ناوچەیەکی دیکە ڕێگامان دەبڕی کە دەمانگوت کاک جەلیل با لێرە بحەسێینەوە، دەیگوت ئەو ئاواییەشمان ماوە، تازە لە هەموو شوێنێکیش سەردانی چەند شوێنی لەو جێیە دەکرد.
کۆچی دوایی کاک جەلیل خۆی دەنگدانەوەیەکی بەرینی هەبوو و هەر ئەوەش نیشانەی نیشتمانپەروەری و کوردپەروەری و تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتییەکانی بوو، لەدەستچوونی کاک جەلیل خەسارێکی گەلێک بەرچاو بوو بۆ بزووتنەوەی کورد و یادی ئەو کەسایەتییەش لە دڵی هەموو ئەوانەدا کە دەیانناسی یا لە ژیان و تێکۆشانی ئاگاداربوون دەمێنێتەوە.