
دوو هاووڵاتی کورد بە ناوەکانی سیروان پەرویزی، بلاگێری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و خەڵکی شاری ئیلام و میلاد فەریدی نەسەب، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری سیروان سەر بە پارێزگای ئیلام دەسبەسەر کران و هێشتا چارنووسیان ناڕوونە.
بە پێی ڕاپۆرتی ''هەنگاو''، ڕۆژی یەکشەممە ۱۲ی گەلاوێژی ١٤٠٤، سیروان پەرویزی، کۆمێدیەن و چالاکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی خەڵکی ئیلام دەسبەسەر کراوە.
شایەنی باسە کە تا ئێستا زانیارییەک لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە.
پەرویزی جاری پێشوو، ڕیکەوتی ۱۶ی بەفرانباری ١٤٠٣، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران بۆ سەر ماڵەکەی لە ئیلام دەسبەسەر کرا و ڕێکەوتی ۱۹ی بەفرانباری هەمان ساڵ پاش تێپەڕکردنی پرۆسەی لێپرسینەوە و بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام ئازاد کرابوو.
ناوبراو لە پێوەندی لەگەڵ بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە لاپەڕەی ئینستاگرامەکەی بە ناوەڕۆکی ڕەخنەگرانە و ڕوانینی کۆمێدی سەبارەت بە بارودۆخی ئابووریی ئێران لەژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر کرابوو.
هەروەها میلاد فەریدی نەسەب، تەمەن ٢٨ ساڵ، خەڵكی سیروان سەر بە پارێزگای ئیلام، ماوەی ١١ ڕۆژە لەلایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ئیلامەوە دەسبەسەر کراوە و بە چارەنووسێکی نادیارەوە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلامدایە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، میلاد ڕۆژی چوارشەممە ٨ی گەلاوێژ لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای ئیلامەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە گواستراوەتەوە.
ئەم هاووڵاتییە سەرەڕای دانانی بارمتە و بەڵێنی ئازادیی لەلایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە، هەتا ئێستاش بە چارەنووسێکی نادیارەوە لە بەندیخانەی ئیلام ماوەتەوە.
میلاد فەریدی نەسەب کۆتاییەکانی شەوی شەممە ٤ی گەلاوێژ، دوای هێرشی هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا لە ماڵەکەیدا دەسبەسەر کرا و دەست بەسەر کەرەستە تاکەکەسییەکانی گیراوە.