
بنەما فکرییەکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کاک جەلیل گادانی
مەنسوور مروەتی
کاتێک لێژنەی ئامادەکاریی کتێبی ڕێزگرتن لە خەبات و ژیانی بەبەهرەی نەمر جەلیل گادانی ڕایسپاردم لە نووسینێکدا باسێک لە بنەما فکرییەکانی ژیانی سیاسیی کاک جەلیل بکەم. ئەم کارەم هەم پێ شانازی بوو، هەمیش بە کارێکی زۆر قورسم نەزانی، چونکە ژیانی سیاسیی کاک جەلیل ئەوەندە ڕوون و شەفاف و بێ گرێوگۆڵە و، کارنامەی تێکۆشانیی سیاسیی و خەباتی نەتەوەییەکەی هیندە بە بەرهەمە، کە ئەوەی کەمترین ماوە لەگەڵ کاک جەلیل هاوخەبات بووبێ؛ دەتوانێ بە ئاسانی باس لە بنەما فکرییەکانی نەمر کاک جەلیل بکا.
کاک جەلیل یەکێک لەو دەگمەن کەسانە بوو کە دەورانی تازەلاویی لە کۆماری کوردستاندا دەستی پێکرد و هەموو خۆشیی ئەو دەورانەی ئەوە بوو کە ئەوکات لە قوتابخانە وەکوو قوتابییەکی زیرەک دیاریی لە دەستی پێشەوا قازی محەممەد وەرگرتووە. هاوکات دیتنی دیمەنی لە سێدارە دراوی پێشەوای، بە تاڵترین دیمەن و بیرەوەرییەکانی ژیانی ناو دەبرد کە ئەو کات لەگەڵ یەکێک لە براکانی دیبووی. وەک خۆی باسی دەکرد هەر ئەوکات کۆمەڵێک لەو لاوانەی مهاباد بەڵێن دەدەن کە ڕێبازی پێشەوا قازی بەرنەدەن و تا سەر پێی وەفادار بن و درێژە بە تێکۆشان بدەن و هەرواشیان کرد. کەواتە دەکرێ سەرەتای بیچم گرتنی بیری سیاسی لای کاک جەلیل بۆ ئەو دەورانە بگەڕێنینەوە کە جگە لە ڕێبازی کوردایەتی ناکرێ هیچ ناوێکی تری لەسەر دابنێی.
کاک جەلیل ئەو ڕێبازەی گرتە بەر و بیری کوردایەتی و خەبات بۆ وەدەسهێنانی مافەکانی نەتەوەکەی بوو بە بنەمای بیروفکر و تێکۆشانی. لەگەڵ ئەوەی کە ئاشنایەتیی لەگەڵ رێباز و قوتابخانە فکرییەکانی سەردەم هەبوو، بەڵام لە بەندی هیچ ئیدئۆلۆژییەکدا نەبوو و خۆی لەوانەدا قەتیس نەدەکردەوە. ئەو باوەڕی وابوو بە هەر بیروباوەڕێکەوە کە لەوانەیە مرۆڤ هەیبێ دەکرێ خەباتکارێکی ڕێگای ڕزگاری گەلەکەی بێ و بۆ ئازادی و بەختەوەریی گەلەکەی و مرۆڤایەتی تێ بکۆشێ. لەگەڵ ئەوەشدا کە خەباتکارێکی یەکسانیخواز بوو و باوەڕی بە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی هەبوو، بەڵام هیچکات مارکسیست یان چەپێکی تۆخ نەبوو.
کاک جەلیل لەگەڵ ئەوەی لە بنەماڵەیەکی ئایینیی موسوڵمان لەدایک ببوو، بەڵام هیچکات ڕێگای نەدەدا ئایین وەپێش هەستی نەتەوەخوازییەکەی بکەوێ و لە ڕەوتی خەباتی بزووتنەوەی کورددا ڕێزی لە هەموو ئایینەکانی نێو کۆمەڵگەی کوردستان دەگرت. بۆ وێنە ڕێزێکی تایبەتیی بۆ مامۆستا ئایینیەکانی نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات دادەنا، بەڵام بەو حاڵەش پێی وانەبوو دەبێ تاکە ئایینی نێو کۆمەڵگەی کوردستان هەر دەبێ ئیسلام بێ. بۆ وێنە بە ڕێزەوە یادی جوولەکەکانی مهابادی دەکردەوە و زۆر جار لە گێڕانەوەی بیروەرییەکانیدا باسی ئەو ماڵە جوولەکەیەی دەکرد کە ئامادە بوون پارەیەکی زۆر بدەن هەتا پێشەوا قازی محەممەد لە لەسێدارەدان ڕزگار بکەن.
هەڵسوکەت و ڕەفتاری کاک جەلیل لە بواری کاری حیزبیدا یەکێک لە خاڵە سەرنجڕاکێشەکانی ژیانی سیاسیی ئەون کە دەرخەری کەسایەتیی بەرزی بوو. کاک جەلیل بەوە ناسرابوو کە هیچکات لە گەڵ هاوڕییەکانیدا "سیاسەت"ی نەدەکرد و نموونەی بەرچاوی تێکۆشەرێکی ئەخلاق تەوەر لە سیاسەتدا بوو. پرسە نەتەوەییەکانی کورد و بەرژەوندییەکانی بابەتێک بوو کە لای کاک جەلیل گرینگیی تایبەت بە خۆی هەبوو.
نەمر گادانی لەگەڵ ئەوەیکە خۆی کەسێکی حیزبی بوو، و لە چوارچێوەی ڕێکخراوێکی دیاریکراودا کاری دەکرد و ساڵانێکی زۆر لە ئاستی سەرەوەی ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا بوو، بەڵام هەمیشە پرسە نەتەوەییەکانی وەپێش بابەتە حیزبیەکان دەخست. کەس پێی شک نایە لە ماوەی خزمەتی دوور و درێژیدا قسەیەکی کردبێ یان بە جۆرێک هەڵوێستی گرتبێ کە لەگەڵ بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی کورددا ناتەبایی بووبێ. دژی کێشە نێوخۆییەکانی بزووتنەوەی کوردستان بوو و ئەوەی لە دەستی هاتبا بۆ یەکڕیزی و تەبایی ناوماڵی کورد درێغی نەدەکرد. ئەم تایبەتمەندییە دڵسۆزانەیەی کاک جەلیل سنووری ڕۆژهەڵاتی کوردستانی تێپەڕاندبوو و تەنانەت لە بەشەکانی دیکەی کوردستان و بەتایبەت لە باشووری کوردستان ڕۆڵی باش و بەرچاوی دەگێڕا.
کاک جەلیل لە ڕیزی ئەو دەگمەن تێکۆشەرانەیە کە لە ڕەوتی دوورودرێژ و پڕ هەوراز و نشێوی خەباتدا پشکی بەرچاوی لە هەرکام لە شێوەکانی خەبات هەیە. بۆ وێنە لە ڕەوتی خەباتی نهێنی و ڕێکخستنی نێوخۆ لە دەورانی ڕێژیمی پێشوودا چەندین جار گیرا و سەرجەم زیاتر لە سێزدە ساڵ لە زینداندا مایەوە، بەڵام لێرەشدا بەندیخانەی درێژخایەن هیچکات نەیتوانی ورەی خەباتی لێ بستێنێ. لە بەرانبەر دوژمندا باڵای بەرزی نەچەمی و پشتی لە بنەما فکرییەکانی خۆی و ڕێبازەکەی نەکرد. زیندان بۆ کاک جەلیل بوو بە جێگایەک کە هەم هەوڵی فێربوون و خۆپێگەیاندنی تێدا بدا و هەم بە ئاشنایی لە گەڵ زیندانییە سیاسیەکانی دیکەی ئێرانی زەمینەیەک بڕەخسێنێ کە لە داهاتوودا بتوانێ لەو نزیکایەتی و دۆستایەتییە بە قازانجی پرسی ڕەوای گەلەکەی کەڵک وەربگرێ. کاک جەلیل جگە لە زیندان ماوەیەکی زۆر لە لایەن ساواکەوە لە کوردستان دوور خرایەوە، بەڵام لەو قۆناغەشدا هەدادانی نەبوو و بەردەوام لە نێوان کوردستان و تاران و شارەکانی دیکە لە هاتوچوودا بوو.
"کۆمەڵەی کوردەکانی دانیشتووی ناوەند" یەکێک لەو کارانە بوو کە کاک جەلیل بە هاوکاریی سارمەدین سادق وەزیری لە تاران دایمەزراند. بە دامەزراندنی ئەم ناوەندە کاک جەلیل لە هەوڵی ئەوەدا بوو هەم کوردەکانی دانیشتووی تاران لەو ڕێکخراوەدا کۆ بکاتەوە هەم لەو ڕێگایەشەوە هەوڵ بۆ ناساندنی پرسی کورد لە ناوەند بدا.
کاتێک باس لە بنەما فکرییەکانی ژیانی سیاسی کاک جەلیل دەکرێ یەکێک لە گرینگترین بابەتەکانە کە دەبێ ئاوڕی لێ بدرێتەوە، باسی کتێب و خوێندنەوە و نووسین لە ژیانی ئەو مرۆڤە خەباتکارەدایە. وەک باس کرا کاک جەلیل تەنانەت لە زیندانیش لەو خوێندنەوە و نووسین و هاوکات فێر بوونیش غافڵ نەبوو. ئەو بە گشتی لە ژیانیدا زیاتر لە ٢٠ بەرهەمی بە نووسین و وەرگێڕانەوە پێشکەشی کتێبخانەی کوردی کرد. بەڵام خاڵی سەرنجڕاکێش لەو بوارەدا خۆ ماندوو کردنی کاک جەلیل بۆ کۆکردنەوەی لاپەڕەکانی خەباتی پێشمەرگانەی ئەو هاوڕێیانەی بوو کە چ بە شێوەی نووسینی بیرەوەری یان بە شێوەی گێڕانەوە کۆی دەکردنەوە و دواتر وەکوو کتێب چاپی دەکردن. بێگومان ئەو کارەی کاک جەلیل لە بواری ئەدەبیاتی بەرگریدا خزمەتێکی بەرچاوی بە کتێبخانەی کوردی و مێژووی تێکۆشانی ئەو پۆلە پێشمەرگانە کردوە کە ڕەنگە ئەگەر ئاوا کۆ نەکرابانەوە لەبیر دەچوونە و و دەفەوتان.
لە باس کردن لە ژیانی کاک جەلیل و بنەما فکرییەکانی ئەو ناکرێ باس لە تایبەتمەندیی بەرچاوی ئەو لە باری کۆمەڵایەتییەوە نەکرێ. کاک جەلیل لەوبارەشەوە یەکێک لەو مەزنە مرۆڤانە بوو کە بە قووڵی باوەڕی بە خۆشەویستی مرۆڤەکان و ڕێزلێگرتنیان هەبوو. پێوەندیە کۆمەڵایەتیە بەربڵاوەکانی کاک جەلیلی گادانی هەروا بابەتێکی رۆتینی ژیانی ئاسایی مرۆڤەکان نەبوو، بەڵکوو هەموو ئەو پێوەندییانەی جگە لە خۆشەویستی و هۆگریی مرۆڤەکانی دەوروبەری بۆ ئەوە بوو کە لە کاتی پێویستدا گرێیەک لە کاری مرۆڤەکانی دەوروبەری بکاتەوە. دەکرێ ئەوەش بە جۆرێک لێکگرێدانی مرۆڤتەوەری واتە ئۆمانیزم لەگەڵ بیری کوردانە و کوردپەروەرانەی کاک جەلیل ناو بەرین کە بە ڕوونی بە ئاکار و کردەوەی ڕۆژانەی کاک جەلیلەوە دیار بوو و پێی دەناسرایەوە.
هەموو ئەوانەی کە باس کرا تەنیا بەشێکی بچووک لە بنەما فکرییەکانی کاک جەلیل لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئەودا بوو کە بە درێژایی ژیانی پێکەوەی ناوبوو. کاک جەلیل ئەو مرۆڤە خەباتکارە دەگمەنە بوو کە ئەو بەڵێنەی بۆ خەبات لە تەمەنی لاویەوە دابووی تا کۆتایی بردە سەر و ڕێبوارێکی ڕاستەقینەی ڕێبازی حیزبی دێموکراتی کوردستان و پێشەوای نەمر مایەوە.
ئەوانەی کە باس کرا و زۆر تایبەتمەندیی بەرزی کاک جەلیلی گادانی وای کردبوو کە بە کۆچی دوایی ئەو بزووتنەوەی سیاسی کوردستان تێکۆشەرێکی گەورە و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان پشتیوان و خەمخۆرێکی ڕاستەقینەیان لە دەست دا.
یادی ئازیزی بە خێر بێ.