کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانیی کۆماری ئیسلامی لە حیزبوڵڵای لوبنان بۆ ڕادەستنەکردنی چەکەکانی

16:15 - 16 گەلاوێژ 2725

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا وەزیری دەرەوەی لوبنان سەبارەت بە چەکدانانی گرووپی حیزبۆڵڵا وتی: "بڕیاری چەکدانانی حیزبۆڵڵا و ڕادەستکردنی بە دەوڵەتی لوبنان، بڕیاری کۆتایی و لێبڕاوانەی دەوڵەتی لوبنانە".
 هاوکات لەگەڵ گوسارەکانی دەوڵەتی لوبنان بۆ سەر حیزبوڵڵا، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، پشتیوانیی لە حیزبۆڵڵا کردووە و ڕایگەیاندووە کە: "چەک دامەنێن".

ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی گەلاوێژ، یووسف ڕەجی، وەزیری دەرەوەی لوبنان، جەختی کردەوە کە بڕیاری دەوڵەتی لوبنان سەبارەت بە چەکدانانی گرووپی حیزبۆڵڵا، بڕیاری کۆتاییە و زیادیسی کرد کە دەوڵەتی لوبنان بە هیچ شێوەیەک لەو بڕیارەی پاشەکشێ ناکات.

لەلایەکی دیکەوە، حیزبی "هێزەکانی لوبنان" بڕیاری چەکدانانی ئەو گرووپەی بە "بڕیارێکی مێژوویی" لە قەڵەم داوە و لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە ئەمە بڕیارێکی مێژووییە کە لەلایەن کابینەی دەوڵەتەوە دراوە و زیادیشی کردووە کە دەبوو ٣٥ ساڵ لەمەوبەر ئەم بڕیارە درابا و جەختیشی کردووەتەوە کە لەلایەن ئەم حیزبەوە بەتەواوەتی پشتیوانیی لێ دەکرێت.

لە بەیاننامەی ئەو حیزبە لوبنانییەدا هاتووە: "ئەو ىڕیارە لە سەر پێویستیی بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی دەوڵەتی لوبنان بە سەر سەروەریی خاکی خۆی لە ڕێگەی هێزە سەربازییەکانیەوە، جەخت دەکاتەوە".

بەیاننامەی "حیزبی هێزەکانی لوبنان" و وەزیرەی دەرەوەی ئەو وڵاتە لەکاتێکدایە کە حیزبۆڵڵا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ئەو بڕیارەی دەوڵەتی لوبنان هەڵەیەکی گەورەیە.

هەروەها نەعیم قاسم، ڕێبەری حیزبوڵڵای لوبنان، ڕۆژی سێشەممە ١٤ی گەلاوێژ لە وتارێکدا ڕایگەیاند کە ئەگەر ئیسرائیل لە هێرشە سەربازییەکانی خۆی لە دژی ئەو گرووپە بەردەوام بێت، هێرشە مووشەکییەکانی حیزبوڵڵا بۆ سەر خاکی ئیسرائیل دەست پێ دەکاتەوە.

هەر لەو پێوەندییەدا عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ڕێژیم، لە دژکردەوە بە هەوڵەکانی دەوڵەتی لوبنان لەمەڕ چەکدانانی حیزبۆڵڵا وتی: "پشتیوانیی لە دژایەتیی حیزبۆڵڵا سەبارەت بە پڕۆسەی چەکدانان دەکەین".