کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جەلیل گادانی، قوتابخانەیەک بۆ فێر بوون و ئەرک‌وەخۆگری

03:09 - 16 گەلاوێژ 2725

جەلیل گادانی، قوتابخانەیەک بۆ فێر بوون و ئەرک‌وەخۆگری

عومەر باڵەکی

دەست بردن بۆ پێنووس بۆ ئەوەی لەسەر کەسایەتیی کاک جەلیل گادانی بنووسی کارێکی گەلێک سەخت و دژوارە، چونکە کەسایەتیی کاک جەلیل گادانی هەڵگری زیاتر لە ٧٠ ساڵ خەبات و تێکۆشانە لە ڕێی وەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، زیاتر لە ٧٠ ساڵ وەک پێشمەرگەیەک مانەوە لە سەنگەری دیفاع لە خاک و نیشتمان و زمان و کولتووری نەتەوەیەک، زیاتر لە ٧٠ ساڵ وەک سیاسییەک تێکۆشاوە لە ڕیزی ڕێبەرانی سیاسیی گەلی کورد بۆ بردنەپێشی پرسی کورد و ئازادی و دێموکراسی لە کوردستان و ئێران، هەر بۆیە زەحمەتە بتوانرێ بە وشەکان سەنگ و قورسایی ئەو ماوە دوورودرێژە لەخەبات و تێکۆشانی ڕەوانشاد کاک جەلیل و کاریگەریی ئەو لەسەر ڕەوتی ڕووداوەکان لە حیزبی دێموکرات و جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تەواوی دەربخرێ و حەقی خۆی پێ‌ بدرێ. لەگەڵ هەموو ئەو ڕاستییە منیش بەو چەند دێڕە هەرچەند بە لەنگ‌ولۆری بێت دەمهەوێ ڕێز و وەفاداریی خۆم بۆ ئەو ماوە دوورودرێژە لە خەبات و تێکۆشان و ماندووبوونی ڕەوانشاد کاک جەلیل گادانی دەرببڕم.

سەرەتاکانی سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران بوو کە لە نزیکەوە کاک جەلیل گادانیم ناسی. هەر لە یەکەم دیداردا بۆ من کە لە هەڕەتی لاویەتیدا بووم و هەڵسووڕان و قسەکردن و کاریگەریی کاک جەلیل لەسەر دەوروبەری جێگای سەرنج و تێڕامان بوو. کاک جەلیل بە هەڵس‌وکەوتی جوان و دڵسۆزانە و تایبەتمەندییەکی کۆمەڵایەتی کە هەیبوو زۆر زوو خەڵکی دەوروبەری دەخستە ژێر کاریگەریی خۆی و ئەو هەستەت لا دروست دەبوو کە لە دڵەوە خۆشت بوێ و لەخۆتی بە نیزیک بزانی. بە داخەوە ئەو دەورانە بۆ من بە هۆی داسەپاندنی شەڕ بەسەر کوردستان زۆر کەم‌وکورت بوو. شەڕ لە لایەن دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییەوە بەسەر کوردستان‌دا سەپا و منیش وەک لاوێکی تینووی ئازادی و پاراستنی نیشتمان شانازیی پێشمەرگایەتیم لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا پێ بڕا. وەک پێشمەرگەیەکی نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئەو جار بە دائیم لە بۆنە و کاری جۆراوجۆری حیزبیدا گوێبیستی ناوی کاک جەلیل گادانی دەبووم. کات بە خێرایی تێپەڕ دەبوو و ئێمە بە هۆی سەرقاڵ‌بوونمان بە خەباتی پێشمەرگانە هەستمان بە تێپەڕبوونی کات بەو خێراییە نەکردبوو دوای نیزیک بە بیست ساڵ بەهۆی کار و بەرپرسایەتیی حیزبی شانازی ئەوم پێ بڕاوە کە بۆ جارێکی دیکە ببمەوە هاوکاری نیزیکی کاک جەلیل، بەو جیاوازییە لەگەڵ ئەوەدا کاک جەلیل تەمەنی هەڵکشابوو و منیش هەروا،  بەڵام کاک جەلیل هەمان گوڕوتینی جارانی هەبوو، بەڵام من هەستم بە شەکەتی دەکرد.

کاک جەلیل بێجگە لەوە کە وەک ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزب ئەرکەکانی ڕادەپەڕاند، لەهەمان کاتدا ئەرکی ئۆرگانێکی پڕ کاری وەک کۆمیسیۆنی ماڵیی لە ئەستۆ بوو و ڕۆژانە لەگەڵ ئێمە خەریکی ڕاپەڕاندنی کارە جۆراوجۆرەکانی خەدەماتی و تەدارۆکاتیی ئەو ئۆرگانە بوو، لەهەموو بەشەکانی دەپرسییەوە و ڕاسپاردەکانی دەسپارد، لەگەڵ هەموو ئەو پڕکارییە لە بچووکترین فورسەت کە هاتبا پێش لە خوێندنەوە و نووسین غافڵ نەدەبوو، و لەهەمان کاتدا بە دایمە هاندەری ئێمەمانان بوو، بۆ نووسین و خوێندنەوە و گەلێک جاران هاندانەکانی تێکەڵ دەبوون بە گلەیی ‌وگازندە لە ئێمە و کەسانی وەک ئێمە کە بۆچی دەست بۆ قەڵەم نابەن و ئەگەر لەسەر پرسە سیاسییەکان نانووسن لانیکەم بیرەوەرییەکانتان بنووسن، ژیانی پێشمەرگایەتی ئێوە پڕە لە خۆشی و ناخۆشی، کارەسات و خوێن و قوربانیدان، ماندوویی و برسیەتی، شەکەت و هیلاکی، بۆیە پێویستە ئەو ژیانە بنووسرێتەوە و چ کەسێک باشتر لەخۆتان هەیە بۆ نووسینەوەی. هەموو کات ڕەوانشاد کاک جەلیل ئەوەی وەبیر دەهێناینەوە و دەیگوت کەم نەتەوە هەیە ڕۆڵەی وەک پێشمەرگەی کوردستانی فیداکار و لەخۆبوردووی هەبێ حەیفە ئەو هەموو تیکۆشانە بەخۆشی و ناخۆشییەوە نەیەتە سەر لاپەڕەکانی کاغەز و بەدێکۆمینت نەکرێ. هەر بۆیە یەکیک لە ئەرکەکانی کە بۆ خۆی دیاریی کردبوو کۆکردنەوەی ئەو ڕووداوانە بوو کە لە زمانی پێشمەرگە و فەرماندەرانی پێشمەرگە باسیان لێوە دەکرا، باشم لە بیرە من یەکێک لەو کەسانە بووم کە کاک جەلیل بانگهێشتی کردم بۆ نووسینی یادەوەرییەکانی پێشمەرگایەتی لەبەر ئەوە لە هەل‌ومەرجی ئێستاماندا باوەڕم بە نووسینی بیرەوەرییەکان نەبووە و نییە خۆم لە داوای کاک جەلیل بوارد و ئەویش زۆرم لێ بە گلەیی بوو. هەر بۆیە کاتێک کۆبەندی کۆمەڵێک بیرەوەریی دوژمن شکێنی پێشمەرگە لە دووتوێی کتێبێک لە ژێر ناوی کەشکۆڵی پێشمەرگە بە هیمەتی کاک جەلیل چاپ و بڵاو بۆوە بۆخۆی بۆی هێنام و گوتی بۆیە بۆم هێناوی ئەوە جاری پێشوو نییە دەبێ ئەو جار بنووسی. ئیدی دەستم کورت و بێ‌دەسەڵات مامەوە و هەر تەنیا ئەوەندەم گوت: بە چاوان کاک جەلیل و بۆ بەرگی دووهەمی کەشکۆڵی پێشمەرگە بابەتێکم لەژێر سەردێڕی بیرەوەریی یەک‌شەو لە ژیانی پێشمەرگایەتی نووسی. مەبەستم لەو باسە ئەوەیە کە بڵێم کاک جەلیل لە هەمان کاتدا کە خۆی نوسەر و وەرگێڕێکی بەتوانا بوو، هەموو کات هەوڵی ئەوە بوو کە کادر وپێشمەرگە و ئەندام و منداڵانی بنەماڵەکانی حیزب لە خەتی نووسین و وەرگێڕان وداهێنانی نوێدا بن بۆ دوو مەبەست هەم لەو ڕێگایەوە خزمەت بە دەوڵەمەند بوونی زمانی کوردی بکرێ وهەم ئەو ڕابردووە پڕ لە شانازی و لە خۆبوردووییە بگوازرێتەوە بۆ نەوەکانی داهاتووی کوردستان و لە فەوتان ڕزگاریان بکا.

نموونەیەکی دیکە هەر لە بواری هاندانی کاک جەلیل بۆ نووسین و دەست بۆ قەڵەم بردن بۆ کەسانی وەک ئێمە کە لەبەر ڕاپەڕاندنی ئەرکی پیرۆزی پێشمەرگایەتی کەمتر پڕژابووینە سەر نووسین و وەرگێڕان. کاتێک ساڵی ١٣٨٣ی هەتاوی (٢٠٠٤م) لە شوێنی کار سەردانی کاک جەلیلم کرد و باسی ئەوەم کرد کە کۆمەڵێک ڕووداوی مێژووی نیزیک بە چوارسەد ساڵەی ڕابردووی شاری مەهابادم بە کەڵک وەرگرتن لەو سەرچاوانەی بەردەستن گوڵبژێرم کردوون و کۆم کردوونەتەوە و دەمهەوێ لە دووتویی کتێبێکدا لەژێر ناوی "مەهاباد و کورتە مێژوویەک"‌دا چاپی بکەم، داواکارم بە چاوی ڕەخنەگرانەوە چاوی لێ ‌بکەی و ئەگەر پێت باش بوو وەک پێشەکی هەرچەند کورتیش بێت شتێکی لەسەر بنووسی. کاک جەلیل بەپێی تایبەتمەندی خۆی بەو جۆرەی باس کرا بە دڵئاوەڵەیی‌یەوە لێی وەرگرتم ولە ماوەی نیزیک بە دوو حەتوودا نەک بە کتێبەکەدا هاتەوە و چەندین ڕێنوێنیی بەنرخی لەسەر نێوەڕۆکی کتێبە کردم و پێشەکییەکی جوانیشی بۆ نووسی، کە ئەو کارەی کاک جەلیل لەو سەردەمەدا بۆ من پاڵپشتی و دڵگەرمییەکی زۆر بوو، بۆ ئەوەی ئارام ئارام لەو بوارەشدا متمانە بە خۆم بکەم.

هەر سەبارەت بە هۆگریی ڕەوانشاد کاک جەلیل بە زانستی فێربوون و خوێندنەوەی کتێب و ناساندنی خەباتگێڕان بە نەوەی ئێستا و داهاتوو هەتا ئاخری ڕۆژەکانی تەمەنی و دواهەناسەی ژیان وەک ئامانجی پیرۆز دەستی لێ‌ هەڵنەگرت. دوو ڕۆژ پێش گیان‌لەدەست‌دانی کە لەسەر تەختی نەخۆشخانە بەدەست نەخۆشیی ماڵوێرانکەری کۆرۆناوە دەیناڵاند، بەپێی وەزیفە بە تەلەفوون ڕۆژانە چەند جار هەواڵم دەپرسی، ئەو جارەیان دەتگوت خۆی دەزانێ دوا سەفەریەتی، لەگەڵ ئەوەدا لە وەزعی هەموو هاوڕێیانی لە حیزب کە تووشی هەمان نەخۆشی ببوون پرسیاری کرد و داوای ئەوەی ڕایسپارد کە هەموو هەوڵی خۆمان بدەین بۆ ئەوە خەڵکی زۆرترمان تووش نەبێ، فەرمووی  ٥٠ بەرگ کتێب کە باس لە ژیان بەسەرهاتی شەهیدی فەرماندە چرچەی بارام میرزا دەکا و تازە چاپ بووە لە فڵان شوێنی ماڵی دانراون تکایە بڵاویان بکەنەوە با ئەو گەنج و لاوانە بیخوێننەوە. دەبوایە زۆتر بڵاویان بکەمەوە بەڵام نەخۆشی مەودای نەدا ئێوە ئەوکارم لەجیاتییان بکەن. ئەو جارەش هەر وەک یەکەم جار کە چاوم بە کاک جەلیل کەوت بەو شێوە بیرکردنەوە و لە فکردابوونەی بە بابەتەکانی دەوروبەری بە تەواوی سەرسام بووم کە دەبێ ئەو مرۆڤە چەندەی ئیمان بەخۆی و ڕێبازەکەی هەبێ کە لە کۆتا هەناسەکانیدا بەجێگای باس‌کردن لە بابەتی دیکە هەر لە بیر و فکری ئەوەدایە ئەو ڕێبازەی بەخۆینی شەهیدان پاراو کراوە چۆن هەتا سەر لووتکەی سەرکەوتن درێژەی پێ بدرێ و ڕێز لەوانە بگیرێ کە لەو ڕێبازەدا شەهید بوون.  

ئەو چەند نموونەیە سەرەوە تەنیا دڵۆپێک بوون لە دەریای بێروباوەڕی ڕەوانشاد کاک جەلیل گادانی بە پەروەردە و بارهێنان لە ڕەهەندی نووسین و خوێندن و خوێندنەوە. ئەگەر بمانهەوێ کەسایەتیی کاک جەلیل باش بناسین و بزانین لە ماوەی زیاتر لە ٧٠ ساڵ چۆن توانیویەتی لە مەیدانی خەبات و تێکۆشان بۆ وەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد دەوام بێنێ و هەموو ناخۆشی و ئاوارەیی و زیندان و چەرمەسەریی ڕۆژگار لە ڕێگای ڕێبازی کوردایەتی تەحەمول بکا و قەت بۆ جارێکیش کەس لێی نەبیست کە بڵێ ماندوو بووم و یا گلەیی لە ژیان هەبێ، بەڵکوو هەمووکات ڕووی لەو کەسانە دەکرد کە کاریان لەدەست دێ بەڵام مەسئوولییەت و بەرپرسایەتی قەبووڵ ناکەن، ئەرک و بەرپرسایەتی لە بەرامبەر جووڵانەوەی وەبیر دێنانەوە و هانی دەدان بۆ کارکردن و مەسئوولییەت قەبووڵ کردن.

 پێویستە و دەخوازێ لە بوارەکانی لایەنی سیاسی و نەتەوایەتی، ئەدەبی و فەرهەنگی، مرۆڤ‌دۆستی و کۆمەڵایەتی، لێکۆڵینەوە لە ژیان و سەربوردەی کاک جلیل بکرێ و تایبەتمەندییەکانی کاک جەلیل لە بوارە جیاوازەکان بخرێتە بەردەستی نەوەی داهاتووی کوردستان بۆ ئەوەی ئەو هەمووە فیداکاری و لەخۆبوردووییەی کاک جەلیل ببێتە ڕێنیشاندەری ڕێی خەباتی ئەوان.

یاد و ناوی کاک جەلیل گادانی هەروا بەزیندوویی بمێنێتەوە و ڕێگا و ڕێبازی خەباتی پڕ ڕێبوار بێ.