
وەزارەتی دەرەوەی لوبنان سەبارەت بە لێدوانی عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ڕیژیم، کە ڕوو لە حیزبۆڵڵا وتبووی: "چەک دامەنێن"، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئەو لێدوانەی ناوبراوی وەکوو دەستدرێژی بۆ سەر سەروەری، یەکگرتوویی، سەقامگیری و دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی لوبنان لە قەڵەم دا و مەحکوومی کرد.
عەراقچی رۆژی چوارشەممە ١٥ی گەلاوێژ، حیزبۆڵڵای لوبنانی هان دابوو کە چەک دانەنێن و سەبارەت بە قسەکانی نەعیم قاسم، ڕیبەری حیزبوڵڵا، کە چەک دانانی ڕەت کردبووە، وتبووی: "ئەو بڕیارە نیشاندەری خۆڕاگریی حیزبۆڵڵایە کە بە توندی لە بەرانبەر داواکاریی چەکدانان ڕاوەستاون".
عەراقچی زیادی کردبوو: "ئەوە یەکەم جار نییە داوا لەو گرووپە دەکرێت کە چەک دابنێن، چونکە دوژمنان دەزانن حیزبۆڵڵا لە بواری کردەوەی بەکارهێنانی چەکدا چەندە بەتوانان".
ناوبراو جەختی لە سەر ئەوە کردبووەوە کە حیزبۆڵڵا هەر بڕیارێک بدات کۆماری ئیسلامی پشتیوانیی لێ دەکات.
وەزارەتی دەرەوەی لوبنان لە بەیاننامەی فەرمیی خۆیدا نووسیویەتی: "بەکارهێنانی پێوەندیی دوو وڵات بۆ پشتیوانی لە گرووپە نێوخۆییەکان، ڕێگەپێدراو نییە و زیان بە وڵات دەگەیەنێت".
لوبنان لەژێر گوشاری ئەمریکادا هەوڵ دەدات گرووپی تێرۆریستیی حیزبۆڵڵا کە لە شەڕ لەگەڵ ئسیرائیلدا زۆر لاواز بووە و زۆریک لە ڕێبەرانی سیاسی و سەربازیی خۆی لەدەست داوە، چەک بکات.
ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی گەلاوێژ، یووسف ڕەجی، وەزیری دەرەوەی لوبنان جەختی کردەوە کە بڕیاری دەوڵەتی لوبنان لەبارەی چەکدانانی گرووپی حیزبۆڵڵا بڕیاری کۆتاییە و لەو بارەوە وتی: "ئەوە بڕیاری کۆتایی ئیمەیە و لەو بڕیارە هیچ پاشەکشێیەک لەئارادا نییە".